سوپای ئیسرائیل بۆ دەست پێ کردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئێران کەوتووەتە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە

:: PM:08:23:07/06/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم حەوتی حوزەیرانی 2026، ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، سوپای ئیسرائیل لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ گەڕانەوە بۆ شەڕ لەگەڵ ئێران، ئەمەش دوای ئەو هەڕەشانەی ئێران کە بەڵێنی داوە ئەمشەو لە وەڵامی بەئامانجگرتنی باشووری بەیرووت، ئۆپەراسیۆن لە دژی ئیسرائیل ئەنجام بدات.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمشەو کۆبوونەوەیەکی تەناهیی سنووردار بە بەشداریی یسرائیل کاتس وەزیری بەرگری و سەرۆکەکانی دامەزراوەی تەناهی ئەنجام دەدات، بەمەبەستی تاوتوێکردنی ئەو هەڕەشانەی لە لبنان و ئێرانەوە دێن.

لە لایەکی ترەوە، بارەگای سەرکردایەتیی "خاتەمەلئەنبیا"ی ئێرانی ئەمڕۆ یەکشەم دووپاتی کردەوە کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت بێ وەڵام نامێننەوە. لە هەمان چوارچێوەدا، ئیبراهیم ڕەزایی گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی "ئەمشەو" وەڵامی بەئامانجگرتنی باشووری بەیرووت دەداتەوە.

لە بەرانبەر ئەمەدا، بەپێی خەمڵاندنەکانی میدیای ئیسرائیل، پێشبینی دەکرێت وەڵامێکی "سنووردار و هاوئاهەنگیكراو" لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی لبنان و ئێرانەوە بۆ هێرشەکەی باشووری بەیرووت هەبێت.

پێشتر لە ئەمڕۆدا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە فەرمانی بنیامین نەتەنیاهۆ و وەزیری بەرگری، هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر باشووری بەیرووت. بەپێی ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەکان، تەلئەبیب پێشتر ئیدارەی ئەمەریکای لە هێرشکردنە سەر ناوچەی مەریجە لە بەیرووت ئاگادار کردووەتەوە و ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو ژووری ئۆپەراسیۆنەی کراوەتە ئامانج لە کاتی بۆردمانەکەدا چۆڵ بووە.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان وایە سوپا دەیەوێت "هاوکێشەیەکی نوێ" لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی لبنان جێگیر بکات، کە پشتی بەستووە بە پرەنسیپی "خاکی سووتاو" هەر کاتێک تەقە لەلایەن ئەوانەوە بکرێت.


وشە - پۆڵا مەحموود