عێراق.. وریایی لە بەردەوامیی ناكۆكی لەسەر وەزارەتە تەناهییەكان دەدرێت

:: PM:08:34:07/06/2026 ‌

كابینەی حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە 14ی ئایاری رابردوو بە ناتەواوی لە پەرلەمان متمانەی پێ درا، لەو ساتەوە نۆ وەزارەت، لەوانە بەرگری و ناوخۆ، بەتاڵن، بەپێی سەرچاوەكان لە سایەی ئەو بینە و بەردە ناوخۆییە و گوشارە دەرەكییەكان، تا ئێستە ململانێ لەسەر ئەو وەزارەتانە، بەتایبەتی تەناهییەكان بەردەوامە.

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی سیاسی پەرلەمان سازكردنی دانیشتنی متمانەدان بە كاندیدی وەزارتە بەتاڵەكانی بۆ دوای سازانی سیاسی و رێككەوتنی هێزە سیاسییەكان دوا خستووە، لەناو بوونی زانیاری لەسەر ئەجگەری تێپەڕكردنی هەندێك وەزارەتی تر، پەرلەمانتارێكی عێراق ئاماژە دەكات كە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەوڵ دەدات بەر لە گەشتەكەی بۆ ئەمەریكا كابینەی حكوومەتەكەی تەواو بكات، بەتایبەتی كە بوونی وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ لە سەردانەكەی گرنگە بۆ باسكردنی دۆسیە تەناهییەكان.

موختار مووسەوی پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت، بەردەوامیی بەتاڵبوونی پۆستەكانی بەرگری و ناوخۆ، مەترسیی رژد لەبارەی توانای دامەزراوە تەناهییەكان لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئاڵنگارییەكانی ئێستەی ناوخۆیی و دەرەكی دروست كردووە، بەردەوامبوونی ناكۆكیی سیاسی لەسەر وەزارەتە تەناهییەكان، تەنیا بابەتێكی سیاسی نییە و راستەوخۆ پێوەندی بە ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی دەوڵەتەوە هەیە، عێراق لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی بە قۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، لەوانە سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا و داماڵینی چەك و رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری پەرەسەندنەكانی ناوچەكە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل