ئیسرائیل: هێرشەكانمان بۆ سەر ئێران راگرت

:: PM:03:54:08/06/2026 ‌
بە پێچەوانەی ئێران سوپای ئیسرائیل تا ئێستە راگرتنی شەڕی رانەگەیاندووە. ماڵپەڕی ئیرەم نیوز دەڵێ‌، "سوپاكە چاوەڕێی بڕیارێكی سیاسی دەكات". هەرچەندە بەرپرسێكی ئیسرائیلی بە رۆیتەرز دەڵێ‌، "هێرشەكانمان بۆ سەر ئێران راگرتووە".

ئەمڕۆ دووشەم هەشتی حوزەیران، دوای چەند سەعاتێك لە هێرشی سەربازی دژ بە یەكتر، ئێران رای گەیاند شەڕ لە دژی ئیسرائیل رادەگرێت، كەچی تا ئێستە بڕیارێكی هاوشێوەی لەلای سوپای ئیسرائیل نەدراوە.

ماڵپەڕی ئیرەم نیوزی ئیماراتی دەڵێ‌، "سەرچاوەیەكی سەربازی لە سوپای ئیسرائیل ئاشكرای كردووە، كە لە ئاستی سیاسی چاوەڕوانی رێنوێنی  روون دەكەن". هەروەها پێشبینی ناكرێت هاوشێوەی ئێران ئیسرائیل روونكردنەوەیەكی هەبێت.

وێرای رانەگەیاندنی، بەڵام بەرپرسێكی ئیسرائیلی كە ناوی ئاشكرا نەكراوە، بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئیسرائیل لەسەر داوای ترەمپ تەواوی هێرشەكانی بۆ سەر ئێران راگرتووە.
 
سەرچاوە ئیسرائیلییەكان باس لەوە دەكەن، بەر لە پەیامەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی وەستاندنی شەڕەوە، پێوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان ترەمپ و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەڕێوەچووە، بەڵام تا ئێستە هیچ زانیارییەك لەبارەی ناوەڕۆكی پێوەندییەكە نییە.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل