ئەنجوومەونی ویزاریی تەناهیی عێراق دووپات لە داماڵینی چەك دەكاتەوە

:: PM:07:46:08/06/2026 ‌

بە گوتەی شارەزایانی تەناهی و سەربازی بەهۆی ئەو دۆخەی لە ناوچەكە هەیە، عێراق رووبەڕووی چەند ئاڵنگارییەكی مەترسیدار بووەتەوە، بەتایبەتی بەهۆی ژمارەیەك لە میلیشیاكانی گوێڕایەڵی دەوڵەتی عێراق نابن و ئەگەری هەیە عێراق رابكێشنە ناو شەڕی ناوچەكە، ئەنجوومەنی ویزاریی تەناهیی عێراق دووپات لە داماڵینی چەك و لێپرسینەوە لە هەر گرووپێك دەكاتەوە كە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بشێوێنێت.

وەك لە بەیاننامەیەكدا هاتووە، سەباح نوعمان گوتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق گوتی، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ویزاریی تەناهیی عێراق بە سەرۆكایەتیی عەلی زەیدی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان كۆ بووەوە و باسی دۆخی ناوچەكە و كاریگەرییان لەسەر عێراق كرد.

لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆ لەبارەی پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و كاریگەرییەكانیان كرد، بەتایبەتی لەسەر گۆڕەپانی عێراق و تاوتوێی پلانەكان بۆ پارێزگاریكردن لە سەقامگیریی ناوخۆیی كرد، دووپات لە سەروەریی نیشتمانی و هێشتنەوەی چەك بە دەستی دەوڵەت كرایەوە لەگەڵ لێپرسینەوە لەگەڵ هەر لایەن و گرووپێك كە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بشێوێنێت، هەروەها رەتكردنەوەی بەكارهێنانی خاك و ئاسمانی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل