شەوی رابردوو ئێران دەستی بە مووشكبارانكردنی ئیسرائیل كردەوە، ئەوەش لە وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵای لبنانی، ئیسرائیل وەڵامی دایەوە و ئەمڕۆ بە گوشاری سەرۆكی ئەمەریكا هێرشەكان وەستان، هەر ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل دەستی بە هێرشەكانی بۆ سەر بارەگەكانی حزبوڵا لە باشووری لبنان كردەوە و بەو هۆیەوە قوربانی هەیە.
بەپێی میدیاكان ئەمڕۆ دووشەم هاوكات لەگەڵ وەستانی هێرشەكانی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەكتر كە شەوی رابردوو دەستی پێ كرد، سوپای ئیسرائیل لە هێرشە ئاسمانی و بۆردمانكردنی ناوچەی بەلات لە شارۆكەی مەرجەعیوون لە باشووری لبنان بە تۆپهاوێژ بەردەوام بوو، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل ناوچەكانی دێر قانوون و رەئس عەین و مەنسوورییان لە شارۆكەی سوور لە باشووری لبنان كردە ئامانج، جیا لە بۆردمانی ئاسمانیی ناوچەی دوێر لە شارۆكەی نەبەتییە لە باشووری لبنان كە چوار كەس بەو هۆیەوە لە شارۆی سوور كوژران.
ئەمڕۆ دەستەی پەخشی ئیسرائیل لە بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیلی گواستەوە كە سوپای ئیسرائیل هێرشەكان بۆ سەر ئێران دەوەستێنێت، بەڵام بۆ سەر باشووری لبنان نا و هێرشەكان بەردەوام دەبن، ئێزگەی ئیسرائیلیش لە بەرپرسێكی تری باڵای ئەو وڵاتەی گواستەوە كە ئەگەر حزبوڵا لە بۆردمانكردنی گوند و شارەدێكانی ئیسرائیلی بەردەوام بێت، لە تەواوی لبنان بۆردمانی دەكەن.