لە پێشهاتێكی نوێ لە پێوەندییهكانی عێراق و سووریا، میلیشیاكانی ئێران لە عێراق هۆشداریی توندیان بە ئەحمەد شەرعی سەرۆكی سووریا و حكوومەتی ئەو وڵاتە دا، لە پەراوێزی ئەو زانیارییانەی باس لە هاوئاهەنگی ئەمەریكی - ئیسرائیلی - سووری دژی حزبوڵای لبنان دەكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكان كە ئێزگەی "
مۆنت كارلۆ" بڵاوی كردووەتەوە، سەرۆكی سووریا ئەحمەد شەرع ئامادەیی خۆی بۆ بەشداری و گێڕانی ڕۆڵی تەناهی و سەربازیی دژی حزبوڵای لبنانی ڕاگەیاندووە، لە بەرانبەر ئەوەیشدا دەیەوێ ئیسرائیل دەست لە پشتیوانی درووزەكان لەو وڵاتە بەربدات و هێرشەكانی بۆ سەر ناوچەكانی باشووری دیمەشق بوەستێنێت.
زانیارییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەمەریكا و ئیسرائیل و سووریا سێگۆشەیەكی هاوئاهەنگی و لێدان لە حزبوڵای لبنانی دروست دەكەن، تا ناچاری بكەن هاوشێوەی حەماس خۆی ڕادەست بكات. لە ئەگەری هاتنەدیی ئەو سیناریۆیە لەلایەن واشنتن و تەلئەبیب و دیمەشق، میلیشیاكانی ئێران لە عێراق هەڕەشەی هێرشكردنە سەر خاكی سووریا و هێزەكانی حكوومەتی سووریا دەكەن، وەك پشتیوانییەك لە حزبوڵای لبنانی.
ئەمەیش پێشهاتێكی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی قورسی میلیشیاكانی عێراقی دژ بە سووریا و سووریا دژ بە حزبوڵای لێ دەكەوێتەوە.