ئەم هەفتەیە جارێكی تر ئیسرائیل و ئێران دووپاتیان كردەوە كە ئامادەن بۆ هێرشكردنە سەر یەكتر و سازش بۆ یەكتر ناكەن، شەوی یەكشەمی رابردوو ئێران مووشەكبارانی ئیسرائیلی كرد و ئیسرائیلیش وەڵامی دایەوە، بەر لەوەی بە گوشاری سەرۆكی ئەمەریكا هێرشەكان بوەستێنن، ئەمڕۆ بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بە توندی كار لە دژی ئێران و میلیشیاكانی دەكات.
ئەمڕۆ چوارشەم لە بەیاننامەیەكی نووسینگەكەی،
بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی لە كاركردنی توند لە دژی ئێران و میلیشیاكانی لە ناوچەكە بەردەوام دەبێت و ئەوان هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕپانی نێودەوڵەتی، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هێرشێكی توندی كردە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و گوتی، ئەو شایستەیی ئەخلاقی نییە كە رەخنە لە ئیسرائیل بگرێت، ئەوەش دوای ئەوەی ئەردۆغان گوتبووی بەوەی ئیسرائیل هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەكە و تەواوی مرۆڤایەتی.
ئەمڕۆ چوارشەم رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دووپاتی كردەوە كە هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا و لبنان گەیشتووەتە ئاستێك هەڕەشە لە وڵاتەكەی دەكات، لە وتەیەك لەبەردەم پەرلەمانی توركیا ئاماژەی كرد كە هێرشەكانی ئیسرائیل هەڕەشەن بۆ تەواوی دنیا و پێویستە بوەستێنرێن.