ترەمپ هەڕەشەی لەناوبردنی ئێران دەکات: دەبێت واژوو لەسەر ڕێککەوتنەکە بکەن

:: PM:07:41:10/06/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 10ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە وڵاتەکەی ئەمڕۆ جارێکی تر بەهێزەوە هێرش دەکاتە سەر ئێران، دووپاتیشی کردەوە کە مافی خۆیانە دەست بە بۆردمانەکان بکەنەوە.

ترەمپ لە لێدوانێکدا گوتی، دەبێت ئێران واژوو لەسەر ڕێککەوتنەکە بکات، ڕێککەوتنێکی باشە و مافی ئەوەیان پێ نادات چەکی ئەتۆمییان هەبێت، بەڵکوو لە ڕاستیدا بەتەواوی قەدەغەی دەکات کە لە هیچ کاتێکدا چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنن، ئێمەش بەوردی چاودێریی کارەکانیان دەکەین.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش دا کە ئێران کات دەکوژێت و نازانم سەرکردەکانی چی دەکەن، ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین ڕێگرییان لێ بکەین لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، با بزانین دۆخەکە بەکوێ دەگات، یان چارەسەرێکیان لەگەڵدا دەدۆزینەوە یان لەناویان دەبەین.

لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونی کردەوە، مەبەستم لەوەی ئێران باجەکەی دەدات ئەوەیە کە بە شێوەیەکی زۆر بەهێز هێرشیان دەکەینە سەر. دەبوو واژوو لەسەر ڕێککەوتنەکە بکەن، ڕێککەوتنێکی باش و مانادارە، ئێمە زۆر نزیکین لە گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەڵام ئێران بەردەوامە لە کات کوشتن.

ترەمپ زیاتر گوتی، من ئاشتیم بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهان دەوێت، ڕێککەوتنێکی وەک ئەوەمان ناوێت کە ئۆباما واژووی کرد. ڕێککەوتنی 2015 ڕێگەی بە ئێران دەدا چەکی ئەتۆمی هەبێت، بەڵام ئەو ڕێککەوتنەی ئێمە کاری لەسەر دەکەین، ئەو ڕێگەیە بەتەواوی دادەخات.

لەلایەکی ترەوە، پیت هێگسێس وەزیری جەنگی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەم ڕای گەیاند کە کارێکی "ژیرانە نییە" ئێران بەردەوام بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمەریکا، و هۆشداریشی دایە تاران لە بەردەوامبوون لە هەڵکشان و ئاڵۆزییەکان.

پێشتر لە ئەمڕۆدا ترەمپ ڕای گەیاندبوو کە ئێران کاتێکی زۆری خایاندووە بۆ دانوستانکردن لەسەر ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا، و ئێستە دەبێت "باجەکەی بدات"، ئەمەش دوای ئەوەی ئاڵوگۆڕی تەقە لە نێوانیان ڕووی دا بەهۆی خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی "ئاپاچی"ی ئەمەریکی لەلایەن ئێرانەوە لە نزیک کەناراوەکانی عومان.


وشە - پۆڵا مەحموود