سوپای ئەمەریکا بە ئۆپراسیۆنێکی نهێنی زیاتر لە 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە گەرووی هورمز پەڕاندووەتەوە

:: PM:09:39:10/06/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 10ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە ئەرکی ئێران "کۆتایی هاتووە"، دوای ئەوەی سوپاکەیان شکستی هێناوە و ئابوورییەکەیان لەدەست داوە. هاوکات ئاشکرای کرد کە سوپای ئەمەریکا مانگی ڕابردوو ئۆپراسیۆنێکی نهێنیی ئەنجام داوە بۆ پاڵپشتیکردنی نەوتهەڵگرەکان و کەشتییە بازرگانییەکان لە کاتی تێپەڕبوونیان بە گەرووی هورمزدا.

ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" ڕای گەیاند کە ئەم هەوڵانە بوونەتە هۆی تێپەڕبوونی زیاتر لە 100 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووەکەدا بەرەو بازاڕەکانی جیهان، ئاماژەی بەوەش دا کە زیاتر لە 200 کەشتیی بازرگانی بە سەلامەتی لە گەرووەکە پەڕیونەتەوە. سەرۆکی ئەمەریکا ئەم "هەوڵە زۆر سەرکەوتووەی" بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆنترۆڵی گەرووی هورمز دەکات، نەک ئێران. زیاتریش گوتی، سوپای ئێران "شکستی هێناوە" و ئابووریی تاران "لەدەست چووە".

پێشتر لە ئەمڕۆدا، ترەمپ ڕای گەیاندبوو کە وڵاتەکەی ئەمڕۆ جارێکی تر بەهێزەوە هێرش دەکاتە سەر ئێران، و مافی ئەوەیان هەیە دەست بە بۆردمانەکان بکەنەوە. ڕوونیشی کردبووەوە کە ئێران لە واژووکردنی ڕێککەوتنەکە کات دەکوژێت، و "با بزانین دۆخەکە بەکوێ دەگات، یان چارەسەرێکیان لەگەڵدا دەدۆزینەوە یان لەناویان دەبەین.

لەلایەکی ترەوە، پیت هێگسێس وەزیری جەنگی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەم ڕای گەیاند کە کارێکی "ژیرانە نییە" ئێران بەردەوام بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمەریکا، و هۆشداریشی دایە تاران لە بەردەوامبوون لە هەڵکشان و ئاڵۆزییەکان. پێشتریش ترەمپ ئاماژەی بەوە دابوو کە ئێران کاتێکی زۆری خایاندووە بۆ دانوستانکردن لەسەر ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا، و ئێستە دەبێت "باجەکەی بدات"، ئەمەش دوای ئاڵوگۆڕی تەقە لە نێوانیان بەهۆی خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی "ئاپاچی"ی ئەمەریکی لەلایەن ئێرانەوە لە نزیک کەناراوەکانی عومان.



وشە - پۆڵا مەحموود