سەرۆكایەتییەكان دووپات لە داماڵینی چەك لە عێراق دەكەنەوە

:: PM:10:36:10/06/2026 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم لە كۆشكی بەغدا كۆبوونەوەیەكی سەرۆكایەتییەكانی عێراق بەڕێوە چوو، تیایدا چەند پرسێكی گرنگ پێوەست بە ناوچەكە و ناوخۆی عێراق، بەتایبەتی بابەتەكانی داماڵینی چەك و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت و جۆراوجۆركردنی سەرچاوەی داهات و تەنیا پشتنەبەستن بە نەوت باس كران.

لە بەیاننامەیەكی كۆبوونەوەكە هاتووە، بەشداران دووپاتیان لە پێویستیی پەلەكردن لە تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عێراق لە نزیكترین كاتدا كردەوە، ئەوەش بۆ زیادكردنی توانای حكوومەت دامەزراوەكانی بۆ جێبەجێكردنی كارنامەكەی، دووپات لە پرەنسیپی داماڵینی چەك و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت كرا، وەك خاڵێكی سەرەكی لە سەروەری یاسا و چەسپاندنی شكۆی دەوڵەت.

هەر لە كۆبوونەوەكە ستایشی هەنگاوە نیشتمانییەكەی ئەو گرووپانە كرا كە دەستپێشخەرییان لە خۆدابڕین لە دەستەی حەشدی شەعبی كرد و دووپات لەوە كرایەوە كە بڕیاری تەناهی و سەربازی پێویستە بە دەستی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەكانی و لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بێت، جیا لەوە باسی گرنگی رۆڵی دەسەڵاتی دادوەری لە جێبەجێكردنی یاسا و لێپرسینەوە لەهەر كەسێك كرایەوە كە دەست بۆ سامانی گشتی و دامەزراوەكانی دەوڵەت دەبات و هەڕەشە لە ئاسایشی وڵات دەكات.

لە بواری ئابوورییەوە دووپات لە گرنگیی جۆراوجۆركردنی سەرچاوەی داهات و سەقامگیریی دارایی و پاڵپشتیكردنی ئابووریی نیشتمانی و تەنیا پشتنەبەستن بە داهاتی نەوت كرایەوە، لەگەڵ پەرەپێدانی كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و هاندانی وەبەرهێنانی بیانی و ناوخۆیی و پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەت، دووپاتیش لە پاڵپشتیكردنی هەوڵەكانی چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەكە و رەتكردنەوەی بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی ناوچەكە كرایەوە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل