ترەمپ لە کۆشکی سپییەوە تاوتوێی لێدانی گورزی نوێ و فراوان لە ئێران دەکات

:: PM:11:45:10/06/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 10ی حوزەیرانی 2026، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کۆبوونەوەیەکی لە ژووری ئۆپراسیۆنەکان لە کۆشکی سپی ئەنجام داوە بۆ تاوتوێکردنی بژاردەکانی وەشاندنی گورزی نوێ لە دژی ئێران، ئەمەش چەند سەعاتێک دوای ئەوەی ڕای گەیاند کە ئەمەریکا ئەمڕۆ جارێکی تر و بەهێزەوە هێرش دەکاتە سەر تاران.

ماڵپەڕەکە لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمەریکییەوە گواستیەوە کە یەکێک لەو بژاردانەی ترەمپ تاوتوێی دەکات، بریتییە لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی فراوان و کورتخایەن، بەمەبەستی دروستکردنی فشار لەسەر ئێران بۆ گۆڕینی هەڵوێستی لە دانوستانەکاندا، بەبێ خستنەڕووی وردەکاریی زیاتر.

پێشتر لە ئێوارەی ئەمڕۆدا، ماڵپەڕەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەرپرسانی ئێرانی و ئەمەریکی گفتوگۆی هاوتەریبیان لەگەڵ نێوەندگیرە قەتەرییەکان لە دەوحە ئەنجام داوە. ئاماژەی بەوەش دا کە قەتەر هەوڵی داوە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ تاران و واشنتن ڕێک بخات بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ناو ڕێککەوتنەکە، بەڵام بەپێی سەرچاوەیەکی هەرێمی، لایەنی ئێرانی ئەوەی ڕەت کردووەتەوە.

ئێوارەی چوارشەم، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی هێرشی نوێ و توندی لە ئێران کرد و تارانی بە بەسووک سەیرکردنی عەقڵمان لە دانوستانەکانی تایبەت بە کۆتایهێنان بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمەتبار کرد. لە لێدوانێکیشدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپییەوە زیاتر گوتی، واشنتن ئەمڕۆ جارێکی تر گورزی بەهێز دەوەشێنێت، هەروەک چۆن دوێنێ کردمان.

هەروەها ڕوونی کردەوە کە وڵاتەکەی ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە و کارا"ی دەوێت، دووپاتیشی کردەوە کە "ئێران ڕازی بووە بەوەی چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، و ئێستە دەبێت واژووی بکەن.

جێی باسە، ئەمەریکا ئێوارەی دوێنێ سێشەم، بۆردمانی چەند پێگەیەکی لە باشووری ئێران کرد، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە تاران هێلیکۆپتەرێکی ئەمەریکیی لە جۆری "ئاپاچی" لە گەرووی هورمز خستووەتە خوارەوە، کە ئەمەش گومانەکانی لەسەر ئاسۆی ئاشتیی نێوان هەردوو وڵات زیاتر کرد.

لە بەرانبەریشدا هێزەکانی ئێران لە ڕێی هەڵدانی مووشەک و درۆن بەرەو بنکەکانی ئەمەریکا لە کوێت، بەحرێن و ئوردن وەڵامیان دایەوە، کە بەپێی زانیارییەکان سەرجەمیان تێکشکێنراون و بەرپەرچ دراونەتەوە.

هاوکات لە ئێوارەی یەکشەمی ڕابردووەوە تا بەیانیی دووشەم، ڕووبەڕووبوونەوەی بەرانبەر لە نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕووی دا، پێش ئەوەی هەردوولا وەستاندنی هێرشەکان ڕابگەیەنن دوای ئەوەی ترەمپ داوای هێورکردنەوەی لێ کردن.

ئەم هەڵکشانە ئاڵۆزیی زیاتری بۆ هەوڵەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران دروست کردووە بۆ کۆتایهێنان بەو شەڕەی کە لە 28ی شوباتی 2026 هەڵگیرسا، سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا لە ماوەی ڕابردوودا دەیان جار دووپاتی لە نزیکبوونەوەی گەیشتن بە ڕێککەوتن کردووەتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود