ئێران بۆ میلیشیاكانی عێراق: چەكەكانتان هی ئێمەیە رادەستی عێراقی مەكەنەوە

:: AM:09:43:11/06/2026 ‌
كەناڵی حوڕەی ئەمەریكی ئاشكرای دەكات، سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی بە میلیشیاكانی داوە لە عێراق لەوەی نابێت چەك رادەستی حكوومەتی عێراق بكەنەوە، چونكە چەكی ئەوان چەكی ئێران و تەنیا بڕیار بە دەست میلیشیاكانەوە نییە.

حوڕە زانیارییەكانی لە ئەندامێكی ئەو لیژنەیە وەرگرتووە كە بەرپرسە لە وەرگرتنەوەی چەكی میلیشیاكان. بەرپرسەكە باسی لەوە كردووە، چەند بەرپرسێكی سوپای پاسداران پەیامی ناڕەزاییان بە میلیشیاكان داوە، لەوەی ئێران بە هیچ شێوەیەك قبووڵی ناكات چەكەكانیان رادەست بكەنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ئێران پێی وایە ئەو چەكەی بە دەست میلیشیاكانە، سەربەست نین لە بەكارهێنانی، بەڵكو چەكی "موقاوەمە"یە و چەكی ئێران، دۆسیەی مقاوەمەیش بابەتێكی هەرێمایەتییە و تەنیا بڕیار بەدەست میلیشیاكانەوە نییە. ئێران دووپاتیشی كردووەتەوە بە هیچ شێوەیەك قبووڵی ناكات ئەو كارە بكرێت و رێگریی لێ دەكات.

دوێنێ‌ لە یادی كەوتنی شاری مووسڵ، عەلی زەیدی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، پەیامێكی بڵاو كردەوە و جارێكی تر دووپاتی كردەوە كە دەبێت چەك تەنیا بە دەستی دەوڵەتی عێراقەوە بێت. 

 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل