دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا گوتی، "ئیسرائیل بۆ ئێمە هەڕەشەیە"، ئەمڕۆ جارێكی تر وەزارەتی بەرگریی توركیا دووپاتی دەكاتەوە، وڵاتەكەی لە دەستپێكردنەوەی شەڕی ئەمەریكا و ئێران نیگەرانە و ئیسرائیلیش بە سەرچاوەی هەموو هەڕەشەكان دەزانێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی حوزەیران، زەكی ئەكتورك گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی توركیا گوتی، "هەست بە نیگەرانی دەكەین لە دەستپێكردنەوەی پێكدادانی ئێران و ئەمەریكا، ئەم قۆناغە هەستیارە و دەبێت هەموو لایەنەكان ددان بەخۆیان بگرن".
لە بەشێكی تری قسەكانیدا گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی توركیا دەڵێ، "ئیسرائیل بووەتە گەورەترین سەرچاوەی ناسەقامگیریی لە ناوچەكەدا".
بە هەمانشێوەی وەزارەتی بەرگریی توركیا، دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە كۆبوونەوەیەك بە پەرلەمانتارانی حزبەكەی راگەیاند، "ئیسرائیل بەو كارانەی لە سووریا و لبنان ئەنجامی دەدات، هەڕەشەیە بۆ سەر توركیا".