نەتەوە یەكگرتووەكان: 14 ملیۆن و 700 هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان

:: AM:11:29:11/06/2026 ‌
لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەربە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕای گەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی لە سەرانسەری دنیادا بە زۆرەملێ ئاوارە و دەركراون، لە ساڵی ڕابردوودا (2025) دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، تا كۆتایی ساڵی 2025 ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی جەنگ، توندوتیژی و چەوساندنەوەوە لە ماڵوحاڵی خۆیان ئاوارە بوون، گەیشتووەتە 117 ملیۆن و 800 هەزار كەس لە سەرانسەری دنیادا، ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە ساڵی 2024 بە ڕێژەی پێنح ملیۆن و 400 هەزار كەس كەم بووەتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا ڕێكخراوەكە دووپاتی كردووەتەوە كە ئەم ڕێژەی ئاوارەییە هێشتا لە ئاستێكی بەرزدایە، پێویستە لە دەیەی داهاتوودا هەنگاوی رژد بۆ كەمكردنەوەی ئاوارەیی بنرێت.

ڕاپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان هۆكاری سەرەكیی ئەم دابەزینە مێژووییەی بۆ گەڕانەوەی بەلێشاوی پەنابەران و ئاوارە ناوخۆییەكان بۆ سەر ماڵوحاڵیان دەگێڕێتەوە، بەجۆرێك لە ساڵی 2025دا لە كۆی گشتیی ئاوارەكانی دنیا، 14 ملیۆن و 700 هەزار كەس گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان.

 لەو ڕێژەیەشدا چوار ملیۆن و 400 هەزار كەسیان ئەو پەنابەرانە بوون كە سنوورە نێودەوڵەتییەكانیان بڕیبوو و گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان، ئەمەش دووەم بەرزترین ڕێژەی گەڕانەوەی پەنابەرانە لە مێژووی تۆماركردنی ئامارەكان لە 60 ساڵی ڕابردوودا.




وشە - سۆران عەزیز