زەیدی فەرمانی گرتن بۆ هەر كەسێك دەردەكات بچێتە ناو ململانێی ئێران و ئەمەریكا

:: PM:12:07:11/06/2026 ‌
ماڵپەڕی رادیۆی مۆنت كارلۆی فڕەنسی ئاشكرای دەكات، عەلی زەیدی میلیشیاكانی لەوە ئاگادار كردووەتەوە ئەگەر بچنە ناو شەڕی ئەمەریكا و ئێران، ئەوا فەرمانی گرتنیان بۆ دەردەكات. هەر مۆنت كارلۆ باس لەوەیش دەكات زەیدی بۆ ئەو مەبەستە قسەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران كردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی حوزەیران، مۆنت كارلۆ زانیاریی ئەوەی بڵاو كردووەتەوە، سەرۆكایەتییەكانی عێراق و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و تەواوی دامەزراوە تەناهییەكانی عێراق، كەوتوونەتەخۆ بۆ ئەوەی عێراق نەكەوێتە ململانێی ئێران و ئەمەریكاوە و بەشێوەیەكی سەرەكیش مەترسییەكە لە چوار میلیشیایە ئەوانیش بریتین لە: كەتائیبی حزبوڵا، بزووتنەوەی نوجەبا، كەتائیبی سەید شوهەدا و ئەنساروڵا ئەوفیا.

مۆنت كارلۆ زانیارییەكانی لە سەرچاوەیەكی رەوتی حیكمە وەرگرتووە كە باسی لەوە كردووە، بۆ یەكەمجارە عەلی زەیدی پێوەندیی بە بەرپرسانی ئێرانەوە كردووە و لەو بابەتە ئاگاداری كردوونەتەوە، هەروەها داوای لێ كردوون پشتیوانیی پرۆگرامی چەكدانانی میلیشیاكان بكەن.

زانیارییەكان باس لەوەیش دەكەن كە سەرۆك وەزیرانی عێراق هەڕەشەی ئەوەی كردووە، هەر كەسێك لە میلیشیاكان بچێتە ناو ململانێی نێوان ئەمەریكا و ئێران، ئەوا بڕیاری گرتنی بۆ دەدرێت.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل