وەزارەتی دەرەوەی ئێران: ئاگربەست لەگەڵ ئەمەریكا بێ مانایە

:: PM:02:17:11/06/2026 ‌
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێكدا دەڵێ‌، "هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران نەك تەنیا یاسا نێودەوڵەتییەكانیان پێشێل كردووە، بەڵكو ئاگربەستی نیسانیشی بێ مانا كردووە".

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی حوزەیران، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، راگەیەنراوێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا دەڵێ‌، "هێرشە نایاسایی و تاوانكارییەكانی ئەمەریكا كە لەم چەند سەعاتەی دواییدا ئەنجامی داون، تەنیا پێشێلكارییەكی زەقی پەیماننامەی نێودەوڵەتی و یاسای نێودەوڵەتی نییە، بەڵكو وا دەكات ئاگربەستی هەشتی نیسانی 2026 لە رووی كردارەوە بێ مانا بێت".

وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوا لە وڵاتانی كەنداو و ناوچەكە دەكات، چیتر بەشدار نەبن لەوەی وڵاتەكەیان بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكار بهێنرێت.

 لە دوو رۆژی رابردوودا ئەمەریكا هێرشی كردە سەر ئێران و ئێرانیش بە هێرشكردنە سەر وڵاتانی ناوچەكە وەڵامی دایەوە. ئەمە لە كاتێكدایە كە لە هەشتی نیسانی رابردووەوە ئاگربەست راگەیەنراوە.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل