بڕیاری گرتنی راوێژكارێكی سوودانی درا

:: PM:02:29:11/06/2026 ‌
بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی، دادگای كەتنی كەرخ لە بەغدا بڕیاری دا، خالید كبیان بۆ ماوەی ساڵێك بگیرێت كە راوێژكاری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق بوو.

بەگوێرەی نووسراوێك كە لە میدیاكانی عێراق بڵاو كراوەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی حوزەیران، دادگای كەتنی كەرخ بڕیاری داوە بۆ ماوەی ساڵێك خالید كبیان بگیرێت، بە تۆمەتی ئەوەی گەندەڵی لە پارەدا كردووە.

خالید پێشتر راوێژكاری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق بوو بۆ كاروباری وەرزش و لاوان.

بەگوێرەی ئەو بەڵگەیەی راوێژكارەكە لە لیژنەی ئۆڵۆمپی و یەكێتیی یارییە ئاوییەكان، بە ئەنقەست زیانی دارایی گەیاندووە بە بڕی 36 ملیۆن دیناری عێراقی.

ئەمڕۆ رۆژنامەی مەدا لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردبوو، هەڵمەتێكی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە سەرۆكایەتیی عەلی زەیدی دەستی پێ كردووە.
 
 





وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل