هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە دڵنیاییەوە باسی نزیكبوونەوەی رێككەوتن لەگەڵ ئێران دەكات، ئەو رای گەیاند كە دەیەوێ رێككەوتنی گریمانكراوی ئاشتی لەگەڵ ئێران لە سویسرا واژوو بكات، ئەوە ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەكان سەركەوتوو بن، دووپاتی لەوەش كردەوە كە شەڕەكە تا رادەستبوونی ئێران بەردەوامە.
ترەمپ لە میانی دیدارێكی تەلەڤزیۆنی لەگەڵ تۆڕی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی گوتی، لە حاڵەتی سەركەوتنی هەوڵە دیپلۆماسییەكان، دەیەوێ رێككەوتنی گریمانكراوی ئاشتی لەگەڵ ئێران لە سویسرا واژوو بكات، لە لایەكی تر دووپاتی كردەوە كە شەڕ و هێرشەكانی بۆ سەر ئێران تا رادەستبوونی بەردەوام دەبن، ئێرانییەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن دانوستان دەكەن، بەڵام خۆبەزلزانی كاری ئەوانی سەخت كردووە، رووبەڕووی رژێمێك دەبینەوە كە زۆر شەڕانگێزە و هەزاران هاووڵاتیی ئێمەی كوشتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەم سەرۆكی ئەمەریكا پەیامێكی توندی سەبارەت بە ئێران بڵاو كردەوە و دووپاتی كردەوە كە ئەمشەو بە توندی هێرش دەكەنە سەر ئێران، بەم نزیكانە بە تەواوی دەست بەسەر بازاڕی نەوت و غازی ئێران دەگرن، ترەمپ لە پەیامەكەی لە ترووس سۆشیاڵ ئاماژەی كرد، بەم نزیكانە دەست بەسەر دوورگەی خارگ و چەند پێگەیەكی تری ژێرخانی نەوتی ئێران دەگرین، بەتەواوی كۆنترۆڵی بازاڕی نەوت و غازی ئێران دەكەین، وەك ئەوەی لەگەڵ ڤەنزوێلا كردمان، ئەوەش ئەنجامی سەرنجڕاكێشی دەبێت.