سەركردەیەكی شیعە داوای بەستنی پێوەندی لەگەڵ ئەمەریكا دەكات

:: PM:05:08:11/06/2026 ‌

لە ماوەی چەند مانگی دوایی شیعەی عێراق هاتنە ژێر باری گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و وازیان لە درووشمەكان هێنا، ئەوان چەند هەنگاوێكیان هاوێشت كە لەگەڵ گوشارەكانی ئەمەریكا و دۆخی ناوچەكە زیاتر دەگونجێت، ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق داوای بەستنی پێوەندی لەگەڵ ئەمەریكا و پارێزگاریكردن لەو رێككەوتننانە كرد كە لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.

عەبدولمەهدی گوتی، هیوای سەركەوتن بۆ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران دەخوازین و هێشتا زووە هەڵسەنگاندن بۆ كاری حكوومەتەكەی بكرێت، كە بۆ چوار ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت، ئاماژەی كرد، ئێمە تازە لە رۆژانی سەرەتای تەمەنی حكوومەتەكەین.

روونی كردەوە، بوونی پێوەندی لەگەڵ هەموو وڵاتانی دنیا بۆ عێراق گرنگە، دۆخەكە پێویستی بە بەستنی پێوەندیی دۆستایەتی لەگەڵ ئەمەریكا هەیە، بەڵام پێویستە رێككەوتننەكانی نێوان بەغدا و واشنتن بێتە جێبەجێكردن، قۆناغێكی هەستیارمان لەپێشە، لە كۆتای مانگی ئەیلوولی داهاتوو هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە خاكی عێراق دەكشێنەوە، ئێستەش پێویستە پێوەندییە سیاسی و ئابوورییەكان بەهێز بكرێن، چونكە رۆڵی ئەمەریكا لە دنیا گرنگە و رۆڵی عێراقیش لە ناوچەكە ئەویش گرنگە، بۆیە پەرەپێدانی پێوەندییەكان گرنگ و بە سوودە بۆ هەمووان. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل