"ئێران وەڵامی پەیامەكەی پاكستانی داوەتەوە"

:: PM:05:25:11/06/2026 ‌

لە ماوەی دوایی و بەر لە هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، وەزیری ناوخۆی پاكستان چەند جارێك سەردانی ئێرانی كرد، پەیامێكی لە عاسم مونیر سوپاسالاری پاكستان گەیاندە سەركردەكانی ئێران، كە هەوڵێك بوو بۆ بەیەكگەیاندنی ئێران و ئەمەریكا، بەتایبەتی بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان سەبارەت بە گەرووی هورمز و پارە بلۆككراوەكانی ئێران، سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی باسی ئەوە دەكات كە تاران وەڵامی پاكستانی داوەتەوە. 

هاوكات لەگەڵ زیادبوونی گوشارە سەربازی و ئابوورییەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و ملكەچنەكردن و پێداگریی ئێران لەسەر مەرجەكانی لەبارەی گەرووی هورمز و پارە بلۆككراوەكانی و پیتاندنی یۆرانیۆم و یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەكەی، هەوڵەكانی پاكستان بۆ رێگرتن لە دەست پێكردنەوەی شەڕ بەردەوامە، كە وڵاتانی ناوچەكە و كەنداو هاوئامانجین لەو هەوڵانە، لەو ناوەدا وەزیری ناوخۆی پاكستان پەیامێكی پاكستانی گەیاندە ئێران و بەپێی سەرچاوەكان ئێران وەڵامی داوەتەوە.

سەرچاوە باڵاكە ئاماژە دەكات كە لە چەند سەعاتی رابردوو هەریەك لە پاكستان و قەتەر هەوڵەكانیان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لە نێوان ئێران و ئەمەریكا چڕ كردووەتەوە، بۆیە دانوستانەكان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامە و نەوەستاوە، ئەوە لەوكاتەی دوو رۆژە لە دوای رووداوی كەوتنەخوارەوەی هەلیكۆپتەرێكی ئەمەریكی لە نزیك گەرووی هورمز، هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ژێرخانی نەوت و غازی ئێران دەستی پێ كردووەتەوە و شارەزایان پێیان وایە مەبەست لە هێرشەكان ناچاركردنی ئێرانە بۆ ملكەچكردن بۆ مەرجەكانی و واژووكردنی رێككەوتنێكی نوێ. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل