دوای دوو گەڕی هێرشەكانی سەر ئێران لە هاوینی ساڵی رابردوو و زستانی ئەمساڵ، كە هاوكات بوون لەگەڵ دانوستان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، تا ئێستە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەیەوێ لە رێگەی رێككەوتنێكی نوێ و باشتر لە رێككەوتنی ئەتۆمیی 2015 كۆتایی بە ئاڵۆزییەكانی كەنداو بێنێت، بێ ئەوەی ناچار بە چوونە ناو شەڕێكی گەورە لەگەڵ ئێران بێت، بەرپرسانی ئەمەریكا دەڵێن هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ ناچاركردنی ئێرانە بۆ رێككەوتن.
ماڵپەڕی
"ئاكسیۆس"ی ئەمەریكی لە چەند بەرپرسێكی ئەو وڵاتەی گواستەوە كە ئامانجی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە هەڕەشەكانی لە ئێران، گوشاركردنە بۆ ئەوەی ئێران لە دانوستانەكان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆمەكەی نەرمی بنوێنێت.
هاوكات لەگەڵ هێرشە سەربازییەكانی دوایی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەی ئێران، چەند سەرچاوەیەكی ئێرانی و رۆژئاوایی باسی ئەوەیان كرد كە هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی سەرەتایی بۆ كۆتاهێنان بە شەڕ لە نێوان ئێران و ئەمەریكا زیاتر چڕ بووەتەوە، ئێستە هەردوولا تاوتوێی بابەتی ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی ئێران دەكەن، بۆیە تا ئێستە پەیامگۆڕینەوەی هەردوولا بەردەوامە.
بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ئێرانی هەردوولا لە رێگەی ناوەندگیرەكان، پاكستان و قەتەر، بە لێكگەیشتنێكی سیاسی گەیشتوون، بەڵام هەندێك بابەت پێویستی بە گفتوگۆی زیاتری وردەكارییەكانی هەیە، وەك میكانیزمی ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی ئێران، كە بە دەیان ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، لە پارەی فرۆشتنی نەوتی ئێران لە بانكە بیانییەكان.