جارێكی تر ترەمپ بانگهێشتی ئەحمەد شەرع بۆ واشنتن دەكات

:: PM:05:49:11/06/2026 ‌

دوای چەند مانگێك لە سەردانی بۆ واشنتن و دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، جارێكی تر ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا لە لایەن سەرۆكی ئەمەریكا بۆ سەردانیكردنی واشنتن لە 14ی ئەم مانگە بانگهێشت دەكرێت، وەك سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی راگەیاندووە.

سەرۆكی ئەمەریكا هەوڵ دەدات وڵاتانی عەرەبی كە پێشتر ئێران تیایاندا باڵادەست بووە، لە بازنەی ئێرانیان دوور بخاتەوە، بەتایبەتی سووریا و لبنان و عێراق، بەپێی سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی، شەرع بانگهێشتی سەردانیكردنی واشنتن لە 14ی ئەم مانگە كراوە، بەڵام دیار نییە ئەو سەردانەكە لەو وادەیە دەكات یان نا، كە هاوكاتە لەگەڵ ئاهەنگی رۆژی لەدایكبوونی ترەمپ و سازكردنی چەند چالاكییەكی وەرزشی لە كۆشكی سپی بەو بۆنەوە. 

ئەگەر شەرع سەردانەكە بكات دەبێتە دووەم لەوەتەی لە كۆتایی 2024 هاتە سەر دەسەڵات لە سووریا، كاتێك لە تشرینی دووەمی 2025 وەك یەكەم سەرۆكی سووریا سەردانی ئەمەریكای كرد و چاوی بە دۆناڵد ترەمپ كەوت، ئەوەش دوای یەكەم دیداریان لە سعوودیە لە ئایاری 2025، كە لابردنی سزاكانی سەر سووریای بەدوادا هات.

ئەو بانگهێشتنە لە دوای بوونی چەند ئاماژەیەك دێت بە ئەگەری داوای ترەمپ لە سووریا و شەرع بۆ بینینی رۆڵێك لە دژی حزبوڵای لبنانی، ئەوەش دوای ئەوەی شەرع توانی سووریا لە دەسەڵات و میلیشیاكانی ئێران پاك بكاتەوە و رێگە نەدان كە هیچ هێرشێك لە خاكەكەی بۆ سەر ئیسرائیل بكرێت و رێگری لە گەیشتنی چەك لە سووریاوە بۆ لبنان بكات.   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل