عێراق سەركۆنەی هێرشەكانی سەر ئوردن و بەحرێن و كوێت دەكات

:: PM:06:27:11/06/2026 ‌

لە ماوەی دوایی لەگەڵ دەست پێكردنی گەڕێكی تری هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، ئێران لە رێگەی كردنە ئامانجی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ئوردن و بەحرێن و كوێت وەڵامی دایەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەركۆنەی ئەو هێرشانەی كرد و وریایی لە مەترسیی رووچوونی ناوچەكە بۆ شەڕێكی فرەوان دا.

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، زۆر بەداخەوەین بۆ دەست پێكردنەوەی هێرشەكان لە ناوچەكە، كە لێكەوتەی مەترسیداری دەبێت و هەڕەشە لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە دروست دەكات، لەوكاتەی دۆخی ئێستە پێویستی بە زاڵكردنی زمانی دانوستان و گفتوگۆ و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ رێگرتن لە پەرەسەندن و ئاڵۆزییەكان دەكات.

وەزارەتەكە داوای لە هەموو لایەنەكان بۆ ددانبەخۆداگرتن و یەكخستنی هەوڵەكان بۆ وەستانی شەڕ و پەرەسەندن و كاركردن بۆ پیادەكردنی رێگەچارەی دیپلۆماسی و ئاشتییانە لە چارەسەركردنی ئەو تەنگژەی هەیە كرد، بەو شێوەی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكە جێگیر دەكات، سەقامگیریی وڵاتانی عەرەبی و دراوسێ، بەشێكی گرنگە لە سەقامگیریی عێراق و ئاسایشە نیشتمانییەكەی، وریاییشی لە رووچوونی ناوچەكە بۆ شەڕێكی فرەوان دا.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل