ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی حوزەیرانی 2026، میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کرد کە تاران بیر لە خستنەلیستی ژێرخان و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئیلۆن مەسک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیل دەکاتەوە، وەک ئامانجی سەربازیی چاوەڕوانکراو.
ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگەدارەوە بڵاوی کردەوە، ئەم ئاراستەیە بە بیانووی "بەکارهێنانی سەربازی" دێت لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە بۆ ئەو خزمەتگوزارییانەی تۆڕی مانگە دەستکردەکانی "ستارلینک" پێشکەشی دەکات کە سەربە کۆمپانیای "سپەیس ئێکس"ە لەگەڵ پلاتفۆرمە تەکنەلۆجییەکانی تری سەربە مەسک.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، پێداچوونەوەکەی ئێران وێستگەکانی سەر زەویی تۆڕی ستارلینک لە ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە لەگەڵ خاکی ئیسرائیل دەگرێتەوە، جیا لە بەدواداچوون بۆ وەبەرهێنان و پشکدارانی کۆمپانیای "سپەیس ئێکس" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە نێویاندا کۆمپانیا گەورەکانی وەبەرهێنان لە ئیمارات.
سەرچاوە ئێرانییەکە ئاماژەی بەوە داوە کە ژێرخانەکانی سەربە مەسک بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتیی لۆجستی و هەواڵگری بۆ سوپای ئەمەریکا و ئیسرائیل بەکار دەهێنرێن، کە پێوەندیی نهێنی و چاودێریی زەوی لە خۆ دەگرێت. هاوکات بانگەشەی ئەوەی کرد کە تاران مافی وەڵامدانەوەی پاراستووە بەرانبەر بەوەی وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی دەیبینێت، ئاماژەی بە هێرشی ئەلیکترۆنیی پێشووش کرد کە کرابوونە سەر ژێرخانی ئاو لە باشووری ئێران.
ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدان کە ناوچەکە گرژیی تەناهیی بەردەوام بەخۆوە دەبینێت، تاران بەردەوام هۆشداری دەدات لە هەر هاوئاهەنگییەکی تەکنەلۆجی یان هەواڵگریی هەرێمی کە بە ئاراستەکراو لە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆی بیبینێت.