ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی حوزەیرانی 2026، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداریی دا لەوەی کە ستراتیجییە هەڵەکان و بڕیارە هەڵەشەکان دەبنە هۆی "تەقاندنەوەی" ژێرخانی وزە و بازاڕەکانی وزە لە ناوچەکەدا.
قالیباف لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی، ستراتیجییە هەڵەکان و بڕیارە هەڵەشەکان تەواوی دیمەنەکە بەرەو خراپتر دەگۆڕن، و دەبنە هۆی تەقاندنەوەی ژێرخانی وزە و بازاڕەکان، هەروەها زۆنگاوێکی بێ کۆتایی دروست دەکەن کە بۆ چەندان ساڵ تێیدا نقوم دەبن". زیاتر گوتی: "لەو کاتەدا، ئێرانێکی جیاواز دەبینن.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاندبوو کە ئەمەریکا "ئەمشەو بە توندی بۆردمانی ئێران دەکات"، و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا کۆنترۆڵی دوورگەی خەرج و پێگەکانی تری ژێرخانی نەوتی ئێران دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و کۆتایهێنان بە جەنگ چەقیون.
لە بەرانبەردا، کازم غەریب ئابادی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕای گەیاند کە بۆردمانەکانی ئەمەریکا ئاگربەست لە ناوەڕۆکەکەی خاڵی دەکەنەوە و بە کردەنی هەڵیدەوەشێننەوە. هەروەها وەسفکردنی ئەو هێرشانە بە "بەرگری لەخۆکردن" بە بێ بەهای یاسایی ناو برد، و ئەمەریکای بەرپرسیار کرد لە تەواوی دەرهاویشتەکانی ئەم کارە نایاسایی و مەترسیدارانە.
ئەمەریکا و ئێران بەرەبەیانی پێنجشەم کۆتاییان بە شەوی دووەمی ئاڵوگۆڕی بۆردمانی نێوانیان هێنا، کە دوای خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی ئاپاچیی ئەمەریکی لەلایەن سوپای ئێرانەوە لە ڕۆژی سێشەمی ڕابردوو دەستی پێ کرد. ئەمەش وای کرد ترەمپ نیگەرانیی خۆی دەرببڕێت لە دواکەوتنی تاران لە مۆرکردنی ڕێککەوتن و بەڵێنی دا کە تاران باجەکەی دەدات.
لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە حەوتی نیسانی ڕابردوو، واشنتن هەوڵی داوە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی بە دانوستان جێگرەوە بکات، بەمەبەستی سەپاندنی کۆتی توند بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، لەوانە ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی لایەنی کەم 10 ساڵ لە بەرانبەر کەمکردنەوەی سزاکان. ئیدارەی ترەمپ داوای مەرجی توندتر دەکات لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015، بەتایبەتی لەناوبردن یان کەمکردنەوەی بەرچاوی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران.
لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێزبەندیی هەنگاوەکان یەکێکە لە دیارترین خاڵەکانی ناکۆکی، چونکە ئێران داوا دەکات پێش چوونە ناو دانوستانی ڕژدەوە، سەرەتا سزاکانی سەری کەم بکرینەوە و پارە بلۆککراوەکانی ئازاد بکرێن، لە کاتێکدا واشنتن پێی باشترە تاران هەنگاوی سەرەتایی بنێت بۆ بچووککردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی پێش پێدانی هەر ئیمتیازێکی ئابووری.