عەبدولرەحمان راشد لە وتارێكدا دەڵێ:
ئێران خەریكە حووسییەكانی یەمەن لە دەست دەدات
لەوانەیە ئیسرائیل بەرەو بەیرووت بڕوات
دەیەوێ بەسەر عێراق زاڵ بێت و پارێزگاری لە حزبوڵای لبنانی بكات
ئەمڕۆ ئێران دەست بە یەك شت دەگرێت، ئەویش پاراستنی هەندێك دەسكەوتی جیۆسیاسییە لە ناوچەی عەرەبیدا. دوای ئەوەی لە شەڕدا شكستی هێنا ئایا لە دانوستاندن سەركەوتوو دەبێت؟ ئەو دەیەوێ بەسەر عێراق زاڵ بێت و پارێزگاری لە حزبوڵای لبنانی بكات، ئەمە دوای ئەوەی سووریای لە دەست دا و خەریكە حووسی یەمەنیش لە دەست دەدات، بۆیە هیوای ئەوە لە دانوستاندن لەگەڵ ئەمەریكا دەخوازێ، تا دەكرێت پارێزگاری لە مەملەكەتە فراوانەكەی بكات.
هیچ دەوڵەتێك نەیتوانیوە هەژموونی خۆی بە سەر ناوچەی عەرەبی بسەپێنێت، جا بە هێزی زبر بێت یان نەرم، وەك ئەوەی ئێران لە ماوەی 30 ساڵ كرد تا رۆژی حەوتی ئۆكتۆبەری 2023. ناسریزم "رەوتی ناسری، مەبەست لە جەمال عەبدولناسرە" بە رەهەندە هزری و سەربازییەكەی باڵی بە سەر چەند بەشێكی ناوچەكە كێشا، بەڵام نەیتوانێ بریكار دابنێت و حكوومەتەكان پێكبهێنێت و بەسەر چەندان بواری جیۆسیاسی فراوان زاڵ بێت. هەژموونی قاهیرە بەسەر سووریا بە ناوی "یەكێتی" تەنیا سێ ساڵی خایاند و لە یەكەم كودەتادا نەما. كەچی هەژموونی ئێرانی فراوان و درێژ بوو بە هێزی سەربازیی، كە دوای نەمانی دەسەڵاتی بەریتانی ناوچەكە ئەزموونی تری هاوشێوەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
تاران مەودایەكی دوور رۆیشت لە فراوانبوون تا سنووری توركیا و ئاوی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور.
لە دانوستاندنەكەی ئێستە دەیەوێ پارێزگاریی لە هەموو ئەو فراوانبوونە بكات. رووداوەكانی ئەم دواییە باجی ئۆپراسیۆنەكەی حەوتی ئۆكتۆبەری دەرخست. دوای نەمانی رژێمی ئەسەد لە سووریا، رێگەیەك نەما بە حزبوڵای بگەینێت لە لبنان. پایەكەیشی لە هاوكێشەی ستراتیجی لەگەڵ توركیا لاواز بوو. دوو بەرەی لە دەست دا كە بەسەر ئیسرائیلەوە دەیانڕوانی، باشووری لبنان و رۆژئاوای سووریا.
ئیمپراتۆریەتی تاران لەسەر پڕوپاگەندە و چەك بنیاد نراوە، نەوەیەك لە عەرەبی پەروەردە كردووە، هەندێك باوەڕیان بە شۆڕشەكەی، وێنەكەی هێناوە گوایە بەرەی بەرەنگاربوونەوەیە دژی رۆژئاوا و زایۆنیزم. بەڵام بۆ جاری دووەم وەك موتەنەبی شاعیر دەڵێ، "شمشێر راستگۆترە لە كتێب" وەك ئەوەی بەسەر رەوتی ناسری هات كە بەرەو سووریا رۆیشت لە باكور و بەرەو یەمەن لە باشوور، بەرەو كوێت لە رۆژهەڵات، بەرەو لبیبیا لە رۆژئاوا. هێزی ئیسرائیل ئێران نەیاری بەرەو شكست برد، هێشتا لە رووی هەرێمایەتیشەوە پاشەكشەی پێ دەكات.
فراوانبوونەكەی ئێران هەر بەر ئیسرائیل دەكەوت، بەڵام رووداوەكانی حەوتی ئۆكتۆبەر ئەمەی خێراتر كرد، هەموو گریمانەكانی خستە بەردەم تاقیكردنەوە. ئێران پڵنگێكی كارتۆنی نەبوو بەڵكو سەربازگێكی تەژی لە چەك بوو، لە پشت ئایتوڵاكان سوپای پاسداران كۆنتڕۆڵی كرد بوو. بەڵام لەڕووی سەربازییەوە هاوتای ئیسرائیل و ئەمەریكای هاوپەیمانی نەبوو. خۆراگریی سەربازی ئێران لەسەرووی ئاستی پێشبینیەكان بوو. لەڕووی هێرشكردنەوە هەزاران مووشەك و درۆنی ئێران ئامانجی گەورەی لە ئیسرائیلی دوژمنی نەپێكا.
پلاندارێژەرانی توانیان قەرەبووی ئەوە بكەنەوە كە لە هێرشەكان نەیانتوانی بكەین، ئەمەیش بە پێڕەوكردنی پلانێك كە كاریگەرییەكەی كەم نەبوو، داخستنی گەرووی هورمرز بووە كارتێكی بەرزی گوشاردانان. هورمز لەناكاو نەبوو، بەڵكو دەستدرێژی فراوانی ئێران بوو بۆ كەنداو و دەوڵەتەكانی كرد بە بارمتە. ئەو دەوڵەتانە بە كارامەیی خۆیان لەوە بە دوور دەگرن ببنە گۆڕەپانی جەنگ، قبووڵی هەندێك زیان دەكەن، چونكە درك بەوە دەكەن بابەتەكە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەوانە. بۆ سعوودیە و براكانی تری لە كەنداو ئەوە باشترە واز لە شەڕەكە بهێنن بۆ سێ لایەنەكە، بابەتەكان یەكلایی بكەنەوە، ئەنجامەكەی هەرچییەك بێت باشتر لەوە بچنە جەنگەكەوە.
حزبوڵا كە هەڕەشەی لە ناوچەكە دەكرد، ئەمڕۆ بۆ مانەوە بەرگری لەخۆی دەكات. ئیسرائیل كە بە ئاگربەستی سەرۆك ترەمپ و ئاراستەی دانوستاندن رازی نەبوو، بەرەی باشووری لبنانی كردەوە، دەستی بە سەر هەموو قەڵاكانی حزبوڵا گرت، بە رووباری لیتانی پەڕییەوە و هەڕەشە لە ناوچەی سووڕ دەكات و لەوانەیشە بەرەو بەیرووت بچێت.
100 رۆژ بەسەر سەرەتای جەنگ و دوو مانگ بەسەر ئاگربەست تێپەڕی، ئێران زۆرینەی كارتەكانی لە دەست داوە. ئابڵۆقەی ترەمپ بۆ سەر بەندەرەكانی ئێران لە بەرزترین داهاتی رۆژێكی بێبەش كردووە، 40 ساڵە بەمشێوەیە نەبووە.
لە بەڕێوەچوونی جەنگ و دواتریش تێبینی ئەوە دەكەین ئێران حەز ناكات شەڕ هەڵبگیرسێتەوە، تەنانەت ئەو دەیان مووشەكەی ئاراستەی باكوری ئیسرائیلیشی كرد بۆ چەند سەعاتێك، پروپاگەندەیەك بوو ئەو گریمانەیە بەهێزتر دەكات.
رژێمی ئێران وێنەی هێزێكی هەرێمی بەخۆی داوە گوایە ناشكێ، خوازیاری ئەوەیشە لە دانوستاندن ئەوە بە دەست بهێنێ كە نەیتوانی بە هێزی سەربازی دەستی بكەوێت. بەرگەگرتنی زیانەكان و هێرشەكانی بۆ ناوچەكان كەمترین بەرگرییە، هێرشەكەی ئەم دواییەشی بۆ سەر ئیسرائیل دیمەنێكی نمایشكردن بوو. ئەوەی هەمووان نیگەران دەكات ئەوەیە حكوومەتی ئەمەریكا بكەوێتە داوی ئێران و لە دانوستاندن 24 ملیارەكەی پێ بدات و ئابڵۆقەكە هەڵگبرێت. یان بەوە بگات چاوپۆشی لە سیستەمی مووشەكی بالیستی و میلیشیاكانی لە وڵاتان بكات، ئەگەر ئەمەیش بكرێت نیمچە دڵنیاییەك هەیە لەوەی رووبەڕووبوونەوەی ئێران لە داهاتوودا جارێكی تر روودەدات.