دوای ئەنقەرە تۆم باراك سەردانی هەولێر و بەغدا دەكات

:: PM:07:27:12/06/2026 ‌
ئەمڕۆ تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا و عێراق سەردانی توركیای كرد و بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا و هەولێر بكات.

ئەمڕۆ هەینی  12ی حوەزیران تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا و عێراق و هاوكات باڵوێزی ئەمەریكا لە توركیا سەردانی ئەنقەرەی كرد و لەگەڵ هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبووەوە. میدیای فەرمی توركیا جگە لە هەواڵی كۆبوونەوەكە هیچ زانیارییەكی تری بڵاو نەكردووەتەوە.

كەچی میدیای نافەرمی باس لەوە دەكەن سەردانەكەی تۆم باراك پێوەندی بە ئامادەكارییەكانی لووتكەی ناتۆ هەیە كە بڕیارە مانگی داهاتوو بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بەڕێوە بچێت.

تۆم باراك لە ئێكس پەیامێكی كورتی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێ‌، "بەر لە لووتكەی ناتۆ كۆبوونەوەیەكی بەرهەمدارم لەگەڵ هاكان فیدان وەزیری دەرەوە لە ئەنقەرە ئەنجام دا، بەپێی ئەوەی ئێمە هاوپەیمانی بەهێزی یەكترین چەندان ئامانجی هاوبەشمان هەیە".

هاوكات ئەمڕۆ ماڵپەری مۆنتیۆری ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە، تۆم باراك سەردانی هەولێر و بەغدایش دەكات.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل