ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی كردەوە ئیمارات رازی بووە، چەندان ملیار دۆلار بە ئێران بداتەوە، كەچی ئێران بەر لە هەواڵەكەی رۆیتەرز زانیارییەكانی رەتكردووەتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 12ی حوزەیران ئاژانسی
رۆیتەرز رای گەیاند لە چوار سەرچاوە زانیاری ئەوەی دەستكەوتووە، ئیمارات رازی بووە چەندان ملیار دۆلار بە ئێران بداتەوە، ئەمەیش وەك گۆڕانكارییەكی تەكتیكی هاتووە دوای هێرشەكانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی كەنداو.
رۆیتەرز باسی بڕی پارەكەی نەكردووە، بەڵام هەر ئەمڕۆ ئاژانسی میهری ئێرانی بڵاوی كردووەتەوە ئێران رەتی دەكاتەوە هیچ پارەیەكی بلۆككراوی لە ئیمارات وەرگرتبێ.
میهر باس لەوە دەكات دەنگۆی وەرگرتنەوەی سێ ملیار دۆلار لە ئیمارات بڵاوكراوەتەوە، بەڵام ئێران هێشتا هیچ پارەیەكی وەرنەگرتووەتەوە.
بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی كە چاوەڕوان دەكرێت بكرێت، پارەی بلۆككراو بە ئێران دەدرێتەوە، بەڵام بەرپرسێكی ئەمەریكی بۆ رۆیتەرز باسی لەوە كردووە تا ئێران بە تەواوی پابەند نەبێت ئەوا هیچ پارەیەكی پێ نادرێت.