دوای چەند مانگێك لە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق، حكوومەتی عێراق بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو لە لایەن كەسێكی پێشبینینەكراوەوە پێك هات، ئەوە وای كرد حیساباتی تەواوی هێزە سیاسییەكان، بەتایبەتی ركابەرانی شیعە بێتە گۆڕان، بڕیار بوو نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بارستەیەكی فرەوانی پەرلەمانی بۆ دەستگرتن بەسەر بڕیارەكانی پەرلەمان و حكوومەت پێك بێنێت، بەڵام خەریكە چانسەكانی پێكهێنانی كەم دەبێتەوە.
مالیكی سەركردایەتیی جموجۆڵێكی لە پەرلەمانی عێراق دەكرد بۆ كۆكردنەوەی ژمارەیەك زۆر پەرلەمانتار لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەربەخۆكان، بۆ دروستكردنی بارستەیەكی كاریگەری پەرلەمان لەسەر بڕیارەكانی پەرلەمان و حكوومەت، بەتایبەتی لە دوای دانیشتنی 14ی مانگی ئایاری رابردووی پەرلەمان كە تیایدا متمانە بە كابینەی حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران درا، بۆیە مالیكی و چەند كەسایەتییەكی تری شیعە، لەوانە هادی عامری و شێخ هومام حەموودی و و فالح فەیاز و ئەحمەد ئەسەدی، جیا لە پەرلەمانتارە جیابووەوەكان لە هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییەی سوودانی، بەمەبەستی پێكهێنانی بارستەیەكی 120 ئەندامی لە پەرلەمان دەستیان بە جموجۆڵ كرد.
بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگەدار سەرەڕای پێوەندی و گوشاری سیاسی، ئەو جموجۆڵە نەیتوانیوە ئەندامی زیاتر لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ خۆی رابكێشێت، كاتێك زۆرینەی هێزەكانی چوارچێوەكە دركیان بەوە كرد كە پێكهێنانی هەر بارستەیەكی هاوتا، یەكێتی قەوارەی چوارچێوە فەرمانڕەواكەیان لاواز دەكات، بۆیە بەپیر بارستەكە نەهاتن و پاڵپشتییان لە پڕۆژكەكەی نەكرد، بەڵام هێشتا مالیكی لە هەوڵەكانی بەردەوامە، ئەگەرچی هەلی سەركەوتنی زۆر پاشەكشەی كردووە.