خۆپێشاندانەکانی ئێران دژی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا دەستیان پێ کرد

:: PM:11:03:13/06/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 13ی حوزەیرانی 2026، میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، خۆپێشاندانی ڕەوتە توندڕەوەکان لە تاران، مەشهەد و قوم دژی ڕێککەوتنی چاوەڕوانکراوی نێوان ئێران و ئەمەریکا دەستی پێ کردووە، ئەوەش لە ناو دروشمگەلێک کە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانیان کردووەتە ئامانج.

خۆپێشاندەران لە بەردەم باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە لە تاران کۆ بوونەوە، و دروشمی دژی عێراقچی و سیاسەتی دانوستانیان بەرز کردەوە. میدیاکان گرتەی ڤیدیۆیی کۆبوونەوەکانی شەوانەیان گواستەوە کە تێیدا بەشداربووان هتافیان دژی "سازشکاران"، عێراقچی و قالیباف دەدا.

خۆپێشاندەران دەیانگوت "عێراقچی شەرم بکە، وڵات جێبهێڵە" و قالیباف، عێراقچی، ئەی چی لەبارەی خوێنی سەرکردەکەمەوە؟.

هەروەها ڕاپۆرتە ئێرانییەکان باسیان لە گرتە ڤیدیۆییەکانی مەشهەد کرد کە تێیدا ژنان کفنیان پۆشیوە و دروشمی "مەرگ بۆ عێراقچی سازشکار" دەڵێنەوە.

خۆپێشاندانەکان دوای لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دەستیان پێ کرد لەبارەی نزیکبوونەوەی واژووکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان تاران و واشنتن، کە دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی ئاگربەست، کردنەوەی گەرووی هورمز و دەستپێکردنی دانوستانی نوێی ئەتۆمی. نەیارانی توندڕەوی ئێرانی پێیان وایە کە هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکا، لەوانەیە ئەزموونی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی پێشوو دووبارە بکاتەوە، و بە سازشێکی سیاسی و تەناهی هەژماری دەکەن.

کەیان عەبدوڵاهی سەرنووسەری ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی کە نزیکە لە سوپای پاسداران، لە کاتی ڕووماڵی ڕاستەوخۆی خۆپێشاندانەکاندا گوتی، پێویستە ئەگەری شکاندنی بەڵێنەکان یان هێرشی لەناکاو لەبەرچاو بگیرێت. ئاماژەی بەوەش دا، نابێت چوونە ناو پرسی دانوستانەکان ببێتە هۆی ململانێی ناوخۆیی و بێئومێدی لە کۆمەڵگەدا. دووپاتیشی کردەوە کە ئەمەریکا جێی متمانە نییە.

شەوی ڕابردوو، میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران هێرشیان کردە سەر عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە، دوای ئەو پۆستەی لەبارەی نزیکبوونەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا بڵاوی کردبووەوە. عێراقچی لە پۆستەکەیدا ڕای گەیاندبوو کە یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد لە جێبەجێکردن نزیک بووەتەوە، و وردەکارییەکانی لە کاتی گونجاودا بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێنەوە.

لە لایەکی ترەوە، ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەم نزیکبوونەوە دیپلۆماسییە ناڕوونە کە پێشتر عێراقچی پێڕەوی کردووە، ئەو پرسیارە دروست دەکات کە ئایا هەڵوێستەکەی پاشەکشەیە یان هاوئاهەنگییە لەگەڵ گێڕانەوەکەی ترەمپ. ئاماژەی بەوەش دا کە بێدەنگیی بەرپرسانی ئێران دەکرێت وەک ڕەزامەندییەکی شاراوە بۆ ئەو لێدوانەی ترەمپ لێک بدرێتەوە کە گوتبووی ئێران بەتایبەتی داوای لێبوردنی کردووە.

بڕیارە ڕێککەوتنەکە سبەی یەکشەم بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی واژوو بکرێت، وەک ئەوەی ترەمپ ڕای گەیاندووە، بەبێ ئەوەی تا ئێستە هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن ئێرانەوە هەبێت.


وشە - پۆڵا مەحموود