هەرچەندە بڕیار بوو ئەمڕۆ یەكشەم بە ئامادەبوونی جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا و محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، لە جنێڤی سویسرا هەردوولا بە فەرمی واژوو لەسەر ڕێككەوتنەكەی نێوانیان بكەن، بەڵام ئەمە ڕەت كرایەوە و دواجار بڕیار درا هەردوولا بەشێوەی ئەلیكترۆنی واژوو لەسەر ڕێككەوتنەكە بكەن و دەستبەجێ بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
بەرپرسانی ئاگادار لەوبارەیەوە بۆ تۆڕی "
سی ئێن ئێن" لەبارەی هۆی ئەو گۆڕانكارییەوە دەڵێن، گۆڕینی ئامادەكاری و پلانەكان بۆ واژووكردنی ئەلیكترۆنی بۆ خێرا واژووكردنی ڕێككەوتنەكە، ڕێگرتنە لە هەر دۆخێكی چاوەڕواننەكراو لە دوا ساتەكانی بەر لە واژووكردنی ڕێككەوتنەكە.
ئەو گۆڕانكارییە لە ئامادەكارییەكان لە كاتێكدایە هەفتەی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ پێشبینی كرد كە بە ئامادەبوونی نوێنەری ئەمەریكا و ئێران لە ئەوروپا واژوو لەسەر یاداشتی گەیشتن بە ڕێككەوتنی ئاشتی دەكرێت.
هۆكارێكی تر واژووی ئەلیكترۆنی رێككەوتنەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە كاتی واژووكردنی ڕێككەوتنەكە هاوكاتە لەگەڵ رۆیشتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ فڕەنسا بەیانی ڕۆژی دووشەم بۆ بەشداربوون لە كۆبوونەوەی وڵاتانی جی 7، بەگوێرەی نەریتەكانی ئەمەریكایش ناكرێ لە یەك كاتدا سەرۆك و جێگرەكەی وڵات جێبهێڵن، ئەمەیش بەهۆی هۆكاری تەناهی و بەردەوامبوون لە پرۆسەی دەسەڵاتداری لە هەموو حاڵەتێكی نەخوازراودا.