ئەمڕۆ یەكشەم سوپای ئیسرائیل چەند هێرشێكی ئاسمانی كردە سەر بنكە و بارەگەكانی حزبوڵای لبنانی لە باشووری بەیرووت، ئیسرائیل دەڵێت لە وەڵامی هاتنی چەند درۆنێكی حزبوڵا بۆ سەر ئاسمانی ئیسرائیل چەند بارەگەیەكی حزبوڵای لە باشووری بەیرووت بۆردمان كردووە، میدیاكانی لبنان باسی كوژرانی سەركردەیەكی حزبەكە دەكەن.
میدیاكانی لبنان ئاماژە دەكەن كە بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت، وەك زانیاریی سەرەتایی عەلی حاج سەركردەیەكی حزبوڵا كوژراوە، ئەوە لەوكاتەی پێشتر ئاژانسی نیشتمانیی لبنانی باسی كوژرانی سێ كەس و برینداربوونی 15ی تری وەك ئاماری سەرەتایی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت كرد.
ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشی كردە سەر چەند بارەگەیەكی حزبوڵای لبنانی لە باشووری بەیرووت، سەركردایەتیی سەربازیی ئێران بەڵێنیان دا كە ئەو هێرشانە بێ وەڵامدانەوە تێپەڕ نابن، لە بەرانبەردا ئیال زامیر سوپاسالاری ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە ئامانجی هێرشەكانیان لە لبنان چڕبووەتەوە و لە هەموو بەرەكان ئامادەن.
لای خۆیەوە محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی تیمی دانوستانكاری ئێران لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس لە دوای هێرشەكەی ئیسرائیل ئەمەریكای بە بێتوانایی یان نەخواستن لە پابەندبوون بە بەڵێنەكانی تۆمەتبار كرد و دووپاتی كردەوە كە ئەو كارانە هەڕەشە لە دانوستانەكان دەكەن، بۆیە ئەگەر ناتوانن پابەند بن، ئەوە قسەكردن لەسەر بەردەوامبوون لە دانوستان سوودی نییە.