دوای هێرشەكەی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت، سەرچاوەیەكی ئێرانی ئاگەدار لە دانوستانەكانی تاران و واشنتن ئاماژە دەكات كە تا ئێستە هەردوولا بە رێككەوتنی كۆتایی نەگەیشتوون، وە ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی باسی كرد.
بەپێی سەرچاوەكە، بەر لە هێرشەكەی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت، ئێران لە رێگەی قەتەرەوە پەیامێكی بۆ ئەمەریكا رەوانە كردووە، بەڵام تا ئێستە هەردوولا بە رێككەوتنی كۆتایی نەگەیشتوون.
ئەمە و سەرچاوەیەكی تری ئاگەدار دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە تاران رەزامەندیی كۆتایی لەسەر یاداشتی لێكگەیشتن لەگەڵ ئەمەریكا نەداوە، تا ئێستە چەند تێبینییەكی هەیە، بۆیە ئەمڕۆ یەكشەم شاندێكی قەتەر سەردانی تارانی كرد، بۆ دیاریكردنی دوایین وردەكارییەكانی رێككەوتنەكە وەك ئامادەسازییەك بۆ راگەیاندنی، هاوكات لایەنی ئێرانی بێزاری خۆی لە لێدوانەكانی تاكلایەنەی ئەمەریكا لەبارەی رێككەوتنەكە و واژووكردنی دەربڕیوە.
دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە بڕیارە سبەی رێككەوتن لەگەڵ ئێران واژوو بكرێت، دووپاتی كردەوە كە گەرووی هورمز دەستبەجێ بە رووی هاتوچۆی دەریاییدا دەكرێتەوە، ئەمەریكا لە كاتێكی گونجاودا و دوای ئەوەی دۆخەكە هێور بووەوە، دەچێتە ناو ئێران بۆ دەستگرتن بەسەر یۆرانیۆمەكە، هیوای خواست ئەم پرۆسەیە بەخێرایی و بە ئاسانی و بێ كێشە بەڕێوە بچێت، هاوكات دووپاتی كردەوە كە باشترین جێگرەوەیان هەیە ئەگەر ئەوە روونەدات.