بڕیارە لە ماوەی داهاتوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەردانێكی فەرمی بچێتە واشنتن و چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بكەوێت، شارەزایەك پێی وایە سەردانەكە گرنگە و چوار دۆسیەی سەرەكی لەخۆ دەگرێت، لەوانە تەناهی و داهاتووی وزە و نەوت و وبەرهێنان.
د. خەلیفە تەمیمی مامۆستای زانستە سیاسییەكان ئاماژە دەكات كە سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق چوار دۆسیەی سەرەكی دەخاتە سەر مێزی گفتوگۆكان لە ئەمەریكا، دیارترینیان دۆسیەی دارایی و باسكردنی میكانیزمەكانی پەرەپێدانی وەبەرهێنان، بەتایبەتی لە كەرتەكانی نەوت و غاز، گفتوگۆكان دۆسیەی تەناهیش دەگرێتەوە لە چوارچێوەی بڕگەكانی رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی.
ئاماژەی كرد، دۆسیەیكی تری سەرەكی بریتییە لە دیاریكردنی سروشتی پێوەندیی بەغدا و واشنتن بۆ قۆناغی داهاتوو، بەتایبەتی كە ئەمەریكا بەرژەوەندی گرنگ و فرەوانی لە عێراق هەیە، ئەوەش لە كاتێكی هەستیار و ئاڵۆز كە پێویست دەكات حكوومەتی عێراق ستراتیجیەتیی خۆی دیاری بكات بۆ پاراستنی هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریكا.
دووپاتی كردەوە، سەردانەكە باسی چۆنیەتی پاڵپشتیكردنی واشنتن بۆ بەغدا لە سایەی ئەو تەنگژە قووڵە داراییە دەكات كە خەریكە رەهەندی زۆر نەرێنی وەردەگرێت، بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامبوونی تەنگژەی گەرووی هورمز كە 90%ی هەناردەی نەوتی عێراقی خستووەتە ناو كێشە، دواتر ئەو ئیدارەی ئێستەی ئەمەریكا لەوانەی پێشخۆی لەبارەی مامەڵەكردنی لەگەڵ عێراق جیاوازە و بە تەواوەتی روون نییە، بۆیە ئەو سەردانەی زەیدی وەڵامی گرنگ و یەكلاكەرەوەی لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردنی واشنتن لەگەڵ دۆسییەكانی عێراق دەبێت.
تەمیمی ئاماژەی كرد، ئەگەری هەیە سەردانەكەی زەیدی بۆ واشنتن ببێتە خاڵێكی گۆڕانكاری لە رێڕەوی تەنگژەی دارایی عێراق لە رێگەی تاوتوێكردنی دەستكەوتنی عێراق بۆ رێگەپێدان پێوەست بە وزە و هەناردنی نەوت، جیا لە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسەتی دارایی عێراق، كە بە شێوەیەكی ئەرێنی رەنگدانەوەی لەسەر سەقامگیریی ئابووری ناوخۆیی هەبێت.