سەرۆکی ئێران بەرگری لە تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەی دەکات

:: PM:06:53:14/06/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم 14ی حوزەیرانی 2026، مەسعوود پزیشکیان سەرۆکی ئێران، تۆمەتبارکردنی دانوستانکارانی ئێرانی بە "خیانەت" ڕەت کردەوە، و دووپاتی کردەوە کە میدیای ئێرانی گوزارشت لە تێڕوانینی ڕێبەری باڵا ناکات.

پزیشکیان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، میدیای ئێرانی گوزارشت لە بۆچوونی ڕێبەر ناکات، و ئەوەی لە تەلەڤزیۆنی فەرمیدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت ڕەنگدانەوەی ڕێنوێنییەکانی ڕێبەر و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی نییە.

زیاتر گوتی، وەسفکردنی تیمی دانوستانکار بە خائین کارێکی جێی داخە، بڕیاری شەڕ و دانوستان تەنیا بەدەست ڕێبەر و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەییە و دەبێت هەمووان پابەند بن.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە میدیاکانی ئێران شەوی ڕابردوو بڵاویان کردەوە، خۆپێشاندانی ڕەوتە توندڕەوەکان لە تاران، مەشهەد و قوم دژی لێکتێگەیشتنی چاوەڕوانکراوی نێوان ئێران و ئەمەریکا دەستی پێ کردووە، ئەوەش لە ناو دروشمگەلێک کە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانیان کردووەتە ئامانج.

خۆپێشاندەران لە بەردەم باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە لە تاران کۆ بوونەوە، و دروشمی دژی عێراقچی و سیاسەتی دانوستانیان بەرز کردەوە. میدیاکان گرتەی ڤیدیۆیی کۆبوونەوەکانی شەوانەیان گواستەوە کە تێیدا بەشداربووان دروشميان دژی "سازشکاران"، عێراقچی و قالیباف دەدا.

خۆپێشاندەران دەیانگوت "عێراقچی شەرم بکە، وڵات جێبهێڵە" و "قالیباف، عێراقچی، ئەی چی لەبارەی خوێنی سەرکردەکەمەوە؟".

هەروەها ڕاپۆرتە ئێرانییەکان باسیان لە گرتە ڤیدیۆییەکانی مەشهەد کرد کە تێیدا ژنان کفنیان پۆشیوە و دروشمی "مەرگ بۆ عێراقچی سازشکار" دەڵێنەوە.

خۆپێشاندانەکان دوای لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دەستیان پێ کرد لەبارەی نزیکبوونەوەی واژووکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان تاران و واشنتن، کە دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی ئاگربەست، کردنەوەی گەرووی هورمز و دەستپێکردنی دانوستانی نوێی ئەتۆمی.

نەیارانی توندڕەوی ئێرانی پێیان وایە کە هەر تێگەیشتنێک لەگەڵ ئەمەریکا، لەوانەیە ئەزموونی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی پێشوو دووبارە بکاتەوە، و بە سازشێکی سیاسی و تەناهی هەژماری دەکەن.


وشە - پۆڵا مەحموود