سەرچاوەیەك باسی هۆكاری سەردانی شاندە سەربازییەكەی بەغدا بۆ هەولێر دەكات

:: PM:07:47:14/06/2026 ‌

ئەمڕۆ یەكشەم مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی باڵای سەربازیی عێراقی فیدراڵ بە سەرۆكایەتیی عەبدولئەمیر یارەڵا سوپاسالاری عێراق كرد، سەبارەت بە هۆكاری سەردانەكە سەرچاوەیەك باسی ئەوە دەكات كە بەغدا گەرەنتی تەناهیی بە هەولێر داوە لەبارەی پاراستنی ئاسایشی كێڵگە نەوتییەكان بەرانبەر بە هێرشی میلیشیاكان.

بەپێی سەرچاوەیەكی سیاسی، سەردانی شاندە سەربازییەكەی بەغدا بۆ هەولێر، كە عەبدولئەمیر یارەڵا سوپاسالاری عێراق سەرۆكایەتیی دەكات، شاندەكە زنجیرەیەك دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم و چەند سەردانێكی مەیدانی بۆ ژمارەیەك كێڵگەی نەوتی ئەنجام داوە، بە ئامانجی هەڵسەنگاندنی دۆخی تەناهی و گفتوگۆكردن لەبارەی رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی دامەزراوەكان و كارمەندانی كاری تیادا دەكەن.  

سەرچاوەكە ئاماژەی كرد كە شاندەكەی بەغدا گەرەنتیی راستەوخۆی تەناهی بە كۆمپانیا نەوتییەكانی لە هەرێم كار دەكەن داوە، دووپات لە دووبارەنەبوونەوەی هێرشەكان دەكات كە پێشتر كرایە سەر هەندێك لە كێڵگە و دامەزراوە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای سەربازیی عێراق بە سەرۆكایەتیی عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا سوپاسالاری عێراق، كرد، لە دیدارەكەدا تیشك خرایە سەر دۆخی سیاسی و تەناهیی عێراق و ناوچەكە، هەروەها دووپات لە هاوئاهەنگیی نێوان دەزگە و لایەنە پێوەندیدارەكانی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان كرایەوە، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و بووژانەوە.

هەر ئەمڕۆ شاندەكە چاوی بە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەوت، لە كۆبوونەوەكەدا سوپاسالاری عێراق، كورتەیەكی لەبارەی ئامانجی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان خستەڕوو، كە لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵە بۆ بەدواداچوونی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، بە تایبەتی نەهێشتن و كۆتاییهێنان بە هەڕەشەی سەر كۆمپانیا نەوتییەكان و بەئامانجگرتنیان .

سەرۆكی حكوومەت سوپاس و پێزانینی خۆی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ بەدواداچوونی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ و دڵنیاییدانی بۆ پاراستن ئاسایش و ئارامیی هەرێمی كوردستان دەربڕی و هەموو پشتیوانییەكی لەمبارەیەوە نیشان دا و دووپاتی لە گرنگیی بەهێزتركردنی هاوئاهەنگی و هاریكاریی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و ئاڵنگارییە تەناهی و سەربازییەكان كردەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل