باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا پێی وایە، هەر ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەمەریکا و ئێران واژوو بکرێت، لە بنەڕەتدا جیاواز و باشتر نابێت لەو ڕێککەوتنە گشتگیرەی کە لە ساڵی 2015 لەگەڵ تاران کرابوو.
ئۆباما لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی "ئەی بی سی نیوز" کە بڕیارە چوارشەم بەتەواوی پەخش بکرێت، گوتی، گومانم هەیە هەر ڕێککەوتنێک کە دەکرێت، لە بنەڕەتدا جیاواز بێت یان زۆر باشتر بێت لەو ڕێککەوتنەی سەرەتا کردمان و ماوەیەکی زۆر کارمان لەسەر کرد، پێش ئەوەی ئەمەریکا لێی بکشێتەوە.
ئاماژەی بەوەش دا کە دیپلۆماسییەت باشترین ڕێڕەوە بۆ چارەسەرکردنی زۆربەی کێشەکە، نەک کاری سەربازی، هاوکات نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەو بیرۆکەیەی کە "دەتوانین بەسادەیی چارەسەرەکانمان بە هێز یان بۆردمان بسەپێنین".
ئۆباما داوای کرد پەلە نەکرێت لە گەڕان بەدوای چارەسەرە دیپلۆماسییەکان و تەواوی تواناکان بخرێنە گەڕ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ئەگەر کێشەکەش بەتەواوی چارەسەر نەکات، ئەوا سەدا 80 یان 90ی کێشەکە چارەسەر دەکات، ئەوەش بۆ دوورکەوتنەوە لە پەنابردن بۆ شەڕ. زیاتر گوتی، لەوانەیە مرۆڤ وابیر بکاتەوە کە ئێستە ئەو وانەیەمان فێر بووین، بەڵام وا دیارە ناچارین جاروبار دووبارە فێری ببینەوە.
هێڵە گشتییەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی پێشوو کە پاڵپشتیی نێودەوڵەتیی هەبوو، بەڵام لەو کاتەدا لە ئەمەریکا مشتومڕی زۆری دروست کرد، بریتی بوو لەوەی ئێران خواستە ئەتۆمییەکانی سنووردار بکات، پیتاندنی یۆرانیۆم کەم بکاتەوە و ڕێگە بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدات پشکنین بۆ دامەزراوەکانی بکەن. ئەمەش لە بەرانبەر هەڵگرتنی بەشێک لەو سزایانەی خرابوونە سەر نەوتەکەی و ئازادکردنی ملیاران دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لێدوانە فەرمییەکان بەردەوامن لەسەر نزیکبوونەوەی ئەمەریکا و ئێران بۆ واژووکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن، کە کۆتایی بە ململانێکانی ناوچەکە دەهێنێت، باس لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران دەکات و گەرووی هورمزیش دەکاتەوە.
لە لایەکی ترەوە، دۆناڵد ترەمپ کە ڕای گەیاندووە واژووکردنی ڕێککەوتنەکە ئەمڕۆ یەکشەم دەبێت، ڕەخنەی توندی لە ئۆباما و ڕێککەوتنەکەی پێشووی گرتووە.