لەبەرئەوەی جلوبەرگیان هاوشێوەی جلوبەرگی پێشمەرگە بوو ئیتڵاعات سێ هاووڵاتیی گرت

:: PM:12:07:15/06/2026 ‌
تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان رای گەیاند، سێ هاووڵاتیی كورد كە یەكێكیان مامۆستای خانەنشینە، دەستبەسەر كراون و چارەنووسیان نادیارە.

تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان رای گەیاند، هێزەكانی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران بەبێ مۆڵەتی یاسایی، چوونەتە سەر ماڵەكانی سەردار ڕەحمانی و ئیحسان ڕەحمانی و دوای پشكنینی تەواوی ماڵەكانیان، دەستیان بەسەر مۆبایلەكانیاندا گرتووە، پاشان داوایان لێ كردوون دەستبەجێ سەردانی بنكەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی كامیاران بكەن، بەڵام دوای تێپەڕینی چەندان سەعات لە سەردانكردنەكەیان، تا ئێستە چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.

ئاماژە بەوەش كراوە، ئەم دوو برایە پێشتریش لە ساڵی 2025 بەهۆی بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆز و بەكارهێنانی هێما كوردییەكان، لەلایەن ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە بانگهێشت كرابوون و چەندان سەعات  لێپرسینەوەیان لەگەڵ كرابوو.

باس لەوەش كراوە، لە 13ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا هێزەكانی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران بەبێ مۆڵەتی یاسایی، هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی یوسف ئەمینی مامۆستای خانەنشین لە گەڕەكی عەلیئاوای بۆكان و دەستبەسەریان كردووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، گیرانی ئەو هاووڵاتییە كوردانە تەنیا لەبەرئەوە بووە جلوبەرگی هاوشێوەی جلوبەرگی پێشمەرگەكانی حزبە كوردییەكانە و دەگوترێت، هەر ئەمەش بووەتە هۆكار بۆ بانگهێشتكردن و دەستبەسەركردنی بەشدارانی ڕێوڕەسمەكە لەلایەن داودەزگا سەركوتكەرەكانی ڕژێمی ئێران.



وشە - سۆران عەزیز