پەرلەمان دەنگ لەسەر هەردوو یاسای حەشد و نەوت و غاز دەدات

:: PM:06:12:15/06/2026 ‌

چەند یاسایەكی گرنگ لە پەرلەمانی عێراق هەن كە بەهۆی جیاجیا دوا خراون، لەوانە یاسای نەوت و غاز، كە بۆ عێراق وەك دەوڵەتێكی بەرهەمهێنەری نەوت و بۆ چارەسەركردنی كێشە نەوتییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا زۆر گرنگە، پەرلەمانتارێك ئاماژە دەكات كە بڕیارە لە وەرزی داهاتووی پەرلەمان دەنگ لەسەر ژمارەیەك یاسا بدرێت، لەوانە نەوت و غاز و حەشدی شەعبی.
زوحا سەدخان پەرلەمانتاری عێراق ئاماژە دەكات، زیاتر لە 100 یاسا لەسەر مێزەكانی پەرلەمان هەن كە چاوەڕوانی دەرچوون دەكەن، لەوانە بەشێكیان پێویستییان بە خوێندنەوە و تاوتوێكردنە، هەیشە پێویستی بە هەمواركردن و دەنگدانە، بۆیە لە وەرزی داهاتووی پەرلەمان زۆرێك لە یاساكان خوێندنەوەیان بۆ دەكرێت و دەنگیان لەسەر دەدرێت.

دووپاتی كردەوە، لە وەرزی داهاتووی پەرلەمان، لیژنەكان كار لەسەر پێشكەشكردنی یاساكان بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكەن بۆ خوێندنەوە و تاوتوێكردن بەمەبەستی دەركردنیان، لەوانە یاسای نەوت و غاز و یاسای راژەی فیدراڵی و یاسای دادگای فیدراڵی و یاسای حەشدی شەعبی و یاسای خانەنشینی و یاسای پلەبەندیی مووچە و یاسای تریش. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل