ئەمڕۆ دووشەم سەرۆكی ئەمەریكا واژووكردنی یاداشتی لێكگەیشتنی لەگەڵ ئێران راگەیاند، دووپاتی كردەوە كە لە ئێستەوە هاتوچۆی دەریاوانی بە گەرووی هورمز بەرە بەرە دەكرێتەوە و هەینی داهاتوو بە تەواوەتی دەكرێتەوە بێ وەرگرتنی رسووماتی تێپەڕبوون، بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە هەریەك لە سەرۆكی ئەمەریكا و جێگرەكەی و سەرۆكی پەرلەمانی ئێران واژوویان لەسەر یاداشتەكە كردووە.
وەك ئاژامسی
"رۆیتەرز"ی ئەمەریكی باسی كردووە، ئەو بەرپرسە باڵا ئەمەریكییە ئاماژەی كردووە كە هەریەك لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و جەی دی ڤانسی جێگری و محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، واژوویان لەسەر یاداشتی لێكگەیشتنی نێوان واشنتۆن تاران كردووە، بەپێی رێككەوتنەكە راستەوخۆ گەرووی هورمز دەكرێتەوە و گەمارۆ دەریاییەكەی سەر ئێران لادەبرێت، بۆیە لە ئێستەوە هاتوچۆی دەریایی بە گەرووی هورمز لە زیادبوونە.
بەپێی ئەو بەرپرسە لە دوو رۆژی داهاتوودا وردەكاریی رێككەوتنەكە بڵاو دەكرێتەوە و هەفتەی داهاتووش لە دوای واژووكردنی رێككەوتنەكە لە جنێڤ، گفتوگۆ تەكنیكییەكان دەست پێ دەكات، سەبارەت بە پارە بلۆككراوەكانی ئێران، ئێستە ئازاد ناكرێن بۆ ئەوەی ئێران دەستی پێیان بگات و بۆ پاڵپشتیكردنی تیرۆر بەكاریان بێنێت.
ئاشكرای كرد كە لابردنی سزاكانی سەر ئێران و ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی دەوەسەتێتە سەر هەڵسوكەوتی لە داهاتوودا، هاوكات لە كاتی بەڕێوەچوونی دانوستانەكان هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە، كەی رێككەوتنی كۆتایی كرا، چاو بە بوونی ئەو هێزانە دەخشێندرێتەوە، كشانەوەی ئیسرائیل لە لبنان مەرجێك نییە بۆ تەواوكردنی رێككەوتنەكە و ئیسرائیل مافی هەیە بەرانبەر بە هێرشەكانی حزبوڵا بەرگری لە خۆی بكات.
لای خۆیەوە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی كرد كە هەینی داهاتوو لە سویسرا سەرۆكی تیمەكانی دانوستانكاری ئێران و ئەمەریكا كۆ دەبنەوە، دوای واژووكردنی یاداشتی لێكگەیشتنی نێوان هەردوولا، یەكەم گەڕی دانوستانەكان دێتە سازكردن.