لە دیوانییە خۆپێشاندانە

:: PM:08:36:15/06/2026 ‌

هەموو هاوینێك تەنگژەی كەمیی كارەبا لە عێراق سەر هەڵدەدات و پێدانی كارەبای نیشتمانی كەم دەبێتەوە، كێشەكە لە دووبارەبوونەوەی تەنگژەكەیە، كە خەڵكەكەی بێئومێد كردووە و پێیان وایە بە گوشار نەبێت بەرپرسانی عێراق گوێیان پێ نادەن، ئەمڕۆش لە چەند ناوچەیەكی پارێزگای دیوانییە خەڵكی ناڕازی رێگەكانیان داخست و داوای كارەبا دەكەن.

ئەمڕۆ دووشەم ناوچەكانی سەدیر و عەفەج لە پارێزگای دیوانییە، خۆپێشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بۆ باشكردنی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە ناوچەكانیان ساز كرد، ئەوە لەوكاتەی بەهۆی كەمیی كارەبا و سووتەمەنی و غاز و وێستگەكان و كۆنیی تۆڕەكانەوە، تا دێت سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی لە كەمبوونەوەدایە.

بەپێی میدیا عێراقییەكان، لە یەكێك لە خۆپێشاندانەكان، خەڵكی ناڕازی رێگەی گەشتیاریی نێوان دیوانییە و شارەدێی سدیریان بە سووتانی تایە داخست، بەوەش هاتوچۆی ئۆتۆمبێلیان لە ناوچەكە پەك خست، ئەوە لەوكاتەی ئێوارەی شەمووی رابردوو دانیشتووانی شارۆكەی غەماس رێگەی دیوانییە و نەجەفیان وەك ناڕەزایەتی بەهۆی كەمی كارەبای نیشتمانی داخست.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل