نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا، رای گەیاند، لایەنی ئەمەریكی و كوردی یەكدەنگن لەسەر پشتگیریكردنی عێراقێكی گەشەسەندوو كە خاوەن سەروەریی تەواو بێت.
تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا، لە X خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەكانی ئەمڕۆی لەگەڵ سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەربڕی.
باسی لەوە كردووە كە لایەنی ئەمەریكی و كوردی یەكدەنگن لەسەر پشتگیریكردنی عێراقێكی گەشەسەندوو كە خاوەن سەروەریی تەواو بێت.
ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە لە كۆبوونەوەكاندا چەندان دەرفەتی ستراتیجی لە بوارەكانی وزە و ئابووری خراونەتە بەر باس و ڕێگاكان بۆ باشتركردنی پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تەوەرێكی سەرەكیی گفتوگۆكان بووە.
تۆم باراك ئەمڕۆ سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ هەریەكە لە سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان كۆبووەوە.