دوای ئەوەی لە 14ی ئەم مانگە هاتە راگەیاندن كە ئێران و ئەمەریكا بە یاداشتی لێكگەیشتنی نێوانیان بۆ وەستانی شەڕ و كردنەوەی گەرووی هورمز رازی بوونە و یاداشتەكەیان بە ئەلیكترۆنی واژوو كردووە و بڕیارە هەینی داهاتوو لە جنێڤ بە فەرمی و لە رێوڕەسمێك واژووی بكەن، ئەمڕۆ سویسرا شوێن و كاتی واژووكردنەكەی ئاشكرا كرد.
وەك
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا گوتی، رێوڕەسمی واژووكردنی یاداشتی لێكگەیشتنی ئێران و ئەمەریكا رۆژی هەینی لە هوتێلێك لەسەر چیای بور گنشتوك دەبێت كە دەڕوانێتە سەر دەریاچەی لوسیرن لە ناوەڕاستی سویسرا، كە بڕیارە هەینی داهاتوو، 19ی حوزەیران، لەو هوتێلە یاداشتەكە بێتە واژووكردن، ئەو شوێنە كەوتووەتە ناوەڕاستی سویسرا و گەیشتن پێی زەحمەتە، بۆیە پاراستنی ئاسانە، شوێنەكە لە لایەن ناوەندگیرەكانی پاكستانی و قەتەری و ئەمەریكا و ئێران پێشنیاز كراوە.
ئەمڕۆ سێشەم مەجید تەخت رەوانچی بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە رێككەوتنی ئێران و ئەمەریكا لە جنێڤ، لە لایەن محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران و جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا واژوو دەكرێت، دووپاتی كردەوە كە وردەكاریی رێوڕەسمەكە دیار نییە، بەڵام دوای واژووكردنەكە گەڕێكی تری دانوستان بەڕێوە دەچێت كە لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران دەبێت.