دوێنێ تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عێراق و سووریا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی عێراقی كۆبووەوە، لەوانە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران، هەریەك لە نووسینگەی زەیدی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا باسی سەردانەكەیان كرد، سەرچاوەیەك باسی ئەوە دەكات بڕیارە زەیدی پەیامەكانی ئەمەریكا كە باراك هێناویەتی، بخاتە بەردەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
بەرپرسێكی باڵای عێراقی لەوبارەوە دەڵێت، دوێنێ هەریەك لە زەیدی و تۆم باراك لە بەغدا كۆبوونەوە، لایەنی ئەمەریكی چەند مەرجێكی بۆ بەردەوامبوونی پاڵپشتیی واشنتن و پێوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا خستە روو، دەركەوت كە باراك قەناعەتی بە بابەتی داماڵینی چەك و دەستبەرداربوون لە باڵە سەربازییەكان و رێكخستنی گرووپە چەكدارەكان لەژێر سەرپەرشتی حكوومەت وەك ئێستە دەكرێت، نییە و وەك رێوشوێنی میدیایی و دوور لە راستی دەبینێت.
بەرپرسەكە دووپاتی كردەوە كە باراك دەیەوێ ئەوان بە راستی چەكە قورسەكانیان رادەست بكەن، وەك درۆن و مووشەك، هەروەها جێكردنەوەی شەڕوانانیان لە بواری تری دوور لە كاری چەكداری، بۆیەش بڕیارە بەمنزیكانە عەلی زەیدی لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆ ببێتەوە بۆ ئاگەداركردنەوەیان لە مەرجەكانی ئەمەریكا، كە سروشت و شێوەی مامەڵەكردنی ئیدارەی ئەمەریكا لەگەڵ عێراق لە داهاتوو دیاری دەكات.