"سەردانەكەی باراك پاڵپشتیكردنی كوردە و بەرجەستەی قووڵیی پێوەندییەكان لەگەڵ ئەمەریكا دەكات"

:: PM:07:07:16/06/2026 ‌

دوێنێ تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عێراق و سووریا سەردانی بەغدای كرد و ئەمڕۆش گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەركردە باڵاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، لێرە و لەوێ قسە و باسی جیاواز لەبارەی هۆكاری هاتنی دەكەن، توێژەرێكی سیاسی ئاماژە دەكات كە سەردانەكەی باراك پاڵپشتیكردنی كوردە و بەرجەستەی قووڵیی پێوەندییەكان لەگەڵ ئەمەریكا دەكات.

رێبین سەلام توێژەری سیاسی دەڵێت، سەردانەكەی باراك بۆ هەولێر هیچ نەیارییەكی بۆ كورد لەخۆ نەگرتووە، بەڵكو پاڵپشتییە بۆ كورد و بەرجەستەی قووڵیی پێوەندییەكانی كورد و ئەمەریكا دەكات، سەردانەكە چەند دۆسییەك لەخۆ دەگرێت، لەوانە پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە رێگەی گوشاركردن لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە تا ئێستە بەربەست دەخاتە بەردەم پرۆسەكە و مەرجی قورسی بۆ ئەو كارە داناوە. 

دووپاتی كردەوە، دۆسیەیەكی تر داوا لە كورد دەكات لە یەكخستن و یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە پەلە بكرێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەك باسی جیاكردنەوەی پێشمەرگە و خستنی بۆ سەر بەغدا نەكراوە و ناكرێت، چونكە پێشمەرگە هێزێكی دەستوورییە و چەكەكەی یاساییە و هیچ ناكۆكییەك لەسەر ئەوە نییە، ئەوانەشی باسی كۆتاهێنان بە ئەزموونی هەرێمی كوردستان دەكەن، باسی خەونێك دەكەن بوونی نییە، سەلام ئاماژەی كرد كە دۆسیەیەكی تری كۆبوونەوەكانی باراك لە هەولێر، تاوتوێكردنی دۆزی كوردە لە سووریا، كە بە ئامادەبوونی مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە باس دەكرێت. 

سێی ئەم مانگە سەرۆك بارزانی لە پەیامێكدا رای گەیاند كە ماوەیەكە بەهۆی ئەو دۆخە سیاسییە تایبەتەی هاتووەتە ئاراوە، هەندێ لایەن باس لە چەكی پێشمەرگە دەكەن و لێكدانەوەی هەڵە و بۆچوونی ناڕاست دەخەنە ڕوو، لێرەدا پێویستە هەموو لایەك ئەوەیان لەبیر بێت كە پێشمەرگە لەدایكبووی خوێن و رەنج و فرمێسكی گەلی كوردستانە، چەكی پێشمەرگە، پارچە ئاسن و جبەخانە و ئامرازی شەڕكردن نییە، بەڵكو مێژوو و فیداكاری و كەرامەت و بیروباوەڕیەتی، چەكی پێشمەرگە، ئەو سۆز و پابەندبوونەیە كە هەمیشە بۆ گەل و خاك و نیشتمانەكەی هەیەتی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل