ئیسرائیل سەرەڕای ئاگربەست بەردەوامە لە بۆردمانکردنی باشووری لبنان

:: PM:07:17:16/06/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 16ی حوزەیرانی 2026، میدیاکان بڵاویان کردەوە کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لبنان، چوار کەس کوژراون و چەند هاووڵاتییەکی تریش بریندار بوون.

ئاژانسی نیشتمانیی ڕاگەیاندنی لبنان ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی ئەو هێرشانەی کە لەلایەن درۆنەکانی ئیسرائیلەوە ئەنجام دراون، چەند بریندارێک لە شارۆکەکانی شۆکین و مەیفەدوون لە قەزای نەبەتییە لە باشووری لبنان تۆمار کراون.

زیاتر گوتی، درۆنی تری ئیسرائیلی گردبوونەوەکانیان لە گۆڕەپانی شارۆکەی مەیفەدوون کردووەتە ئامانج، کە بەهۆیەوە سێ بریندار تۆمار کراون، هەروەها درۆنێکی ئیسرائیلیی جۆری "مەحەللیقە" بۆمبێکی دەنگی هەڵداوەتە ناو کۆمەڵێک گەنج لە شارۆکەی حەداسا، کە بووەتە هۆی برینداربوونی چوار کەسیان بە برینی سووک.

لە لای خۆیەوە، سوپای لبنان هەڵوەشاندنەوەی بۆمبی نەتەقیوەی فڕۆکە و ئاشکراکردن و چارەسەرکردنی تەقەمەنی و "تەنی گوماناوی"، لەگەڵ لابردنی پاشماوەکان و کردنەوەی ڕێگەکان لەو ناوچانە ڕاگەیاند کە ڕووبەڕووی هێرشی ئیسرائیلی بوونەتەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، حزبوڵای لبنانی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆییی بڵاو کردەوە لەبارەی ئۆپراسیۆنەکانی بەئامانجگرتنی ئامێرە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە پەراوێزەکانی ڕۆژهەڵاتی شارۆکەی یەحمەر شەقیف لە باشووری لبنان لە ڕێگەی درۆنی "هێرشبەر"ـەوە.

سوپای ئیسرائیل سەرەڕای ڕاگەیاندنی بەردەوامی ئاگربەست لەگەڵ حزبۆڵای لبنانی، بەڵام بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر بەیرووت و باشوورەکەی.


وشە - پۆڵا مەحموود