ئەمڕۆ سێشەم 16ی حوزەیرانی 2026، ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاشکرای کرد کە ئەمەریکا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی کۆتایهێنان بە جەنگ، بڕیاری داوە دەستبەجێ ڕێگە بە ئێران بدات نەوت و سووتەمەنی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات. ئەم هەنگاوە وەک "هاندەرێکی دارایی پێشوەختە" بۆ تاران دەبینرێت تا پابەندی هێورکردنەوەی ململانێکان بێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لێخۆشبوون لە سزاکانی سەر نەوتی ئێران لەگەڵ واژووکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەم هەفتەیەدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم ئاسانکارییانە تەنیا پرۆسەی فرۆشتنی نەوت ناگرێتەوە، بەڵکوو تەواوی خزمەتگوزارییە بانکییەکان، گواستنەوە و دڵنیایی دەگرێتەوە کە بۆ سەرخستنی بازرگانیی نەوت پێویستن.
ئەو ڕاپۆرتە ئاماژەی داوە، تانکەرێکی گەورەی ئێرانی دوای بارکردنی نەوتی خاو لە بەندەری چابەهارەوە بەڕێکەوتووە و بە ناو گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمەریکادا تێپەڕیوە. ئەمە یەکەم جارە لە دوای مانگی نیسانی ڕابردووەوە کەشتییەکی ئێرانی بە ئامێری شوێنپێهەڵگری کاراوە لە دەریای عوماندا بسووڕێتەوە بەبێ ئەوەی لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکاوە ڕێگریی لێ بکرێت.
ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکاوە دەڵێت، هەرچەندە ئێران لە هەنگاوی یەکەمدا سوودمەند دەبێت لە فرۆشتنی نەوت، بەڵام بەردەوامیی ئەم لێخۆشبوونە بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی واشنتن لەلایەن تارانەوە، بەتایبەتی لە پرسەکانی کردنەوەی گەرووی هورمز و بەرنامە ئەتۆمییەکەی. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە تاران هێشتا ناتوانێت دەستی بەو ملیاران دۆلارە بگات کە لە بانکە بیانییەکاندا سڕکراون و ئازادکردنی ئەو پارانە کاتی زیاتری دەوێت.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمیی حكوومەتی ئێران، مەجید تەخت ڕەوانچی یاریدەدەری کاروباری سیاسیی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دووپاتی کردەوە کە هەڵگرتنی گەمارۆکە یەکێک بووە لەو مەرجانەی تاران لە سەرەتای گفتوگۆکانەوە داوای کردووە. ناوبراو گوتی، پرۆسەی هەڵگرتنی ئابڵۆقەکە دەستی پێ کردووە و پێش واژووکردنی فەرمیی ڕێککەوتنەکە، گەمارۆکە بەتەواوی هەڵگیراوە.
ئەم بڕیارەی واشنتن دوای ئەوە دێت کە هەردوو وڵات گەیشتنە لێکتێگەیشتن بۆ ڕاگرتنی شەڕ، کە ئاسانکاری دەکات بۆ ئێران تا جارێکی تر دەست بە هەناردەکردنی نەوت و کاڵاکانی بکاتەوە لە ڕێگەی بەندەرە نێودەوڵەتییەکانیەوە.