ئۆكراینا ئامارێكی بەو زیانانە بڵاو كردووەتەوە كە لە سوپای رووسیای داوە

:: PM:12:51:17/06/2026 ‌
سوپای ئۆكراینا ئەمڕۆ ئامارێكی لە بەیاننامەیەكدا بڵاو كردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بەو زیانانە دەدات كە لەوەتەی جەنگی لەگەڵ رووسیا دەستی پێ كردووە، لە سوپای رووسیای داوە، تێیدا ژمارەی كوژراو و بریندارانی سوپای رووسیا و زیانەكانی تر.

پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام"ی میسری، ئەمڕۆ چوارشەم 17ی حوزەیران ئەو ئامارەی بڵاو كردووەتەوە كە سوپای ئۆكراینا لە بەیاننامەیەكدا، بە وردی ئاماژە بە زیانەكانی سوپای رووسیا دەكات لەوەتەی جەنگی نێوان هەردوو وڵات دەستی پێ كردووە، تێیدا نزیكەی ملیۆنێك و نیو كوژراو و بریندار و تێكشكاندنی هەزاران تانك و زرێپۆش و فڕۆكە و درۆن و زیاتریش.

لە ئامارەكەدا هاتووە لەوەتەی جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا دەستی پێ كردووە، ملیۆنێك و 386 و 380 سەربازی رووسی كوژراون یان بریندارن، تەنانەت لە ماوەی 24 سەعاتی رابردووریشدا هەزار و 260 سەربازی رووسی كوژراون یان بریندارن.

 بەیاننامەكەی سوپای ئۆكراینا، دەستەی ئەركانی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئەو وڵاتە لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، ئاژانسی نیشتمانیی ئۆكراینی "یۆكرینفۆرم"یش ئەمڕۆ بڵاوی كردووەتەوە. تێیدا ئاماژە دراوە لەوەتەی جەنگ دەستی پێ كردووە، 12 هەزار و 33 تانك و 24 هەزار و 774 زرێپۆشی رووسی تێكشكاون، هەروەها 44 هەزار و 169 سیستمی تۆپهاوێژ و هەزار و 874 سیستمی راجیمە و هەزار و 427 سیستمی بەرگریی ئاسمانی تێكشكاون.

لە درێژەی بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە كە لەوەتەی جەنگ دەستی پێ كردووە تا ئێستە، 436 فڕۆكەی جەنگی و 353 هەلیكۆپتەر و 355 هەزار و 593 درۆنی رووسی تێكشكاون، لەگەڵ تێكشكانی 33 كەشتیی جەنگی و دوو ژێردەریایی و 107 هەزار و 994 ئۆتۆمبێل و تانكەری سەربازی.

جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتی 2022 دەستی پێ كرد، بەهۆیەوە هەزاران كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ كەوتووەتەوە، بەهۆیەوە ملیۆنان ئۆكراینیش ئاوارە بوون و شوێنەكانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێهێشتووە. هاوكات ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە و لە هەمان كاتیشدا بە چەك و كەلوپەلی سەربازی و دارایی، پاڵپشتیی ئۆكراینا دەكەن.

بەڵام لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا وەك سەرۆكی ئەو وڵاتە دەستبەكار بوو، رۆڵی سەرەكی بینی وەك ناوەندگیر بۆ دەستپێكردنی دانوستانی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا. ئێستەیش دانوستان بەردەوامە و ژمارەیەك دیلیان گۆڕیوەتەوە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستی وەستانی جەنگەكە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د