ترەمپ هەڕەشە لە ئێران دەكات

:: PM:04:52:17/06/2026 ‌

دوای ئەوەی لە 14ی ئەم مانگە یاداشتی لێكگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمەریكا بە ئەلیكترۆنی هاتە واژووكردن، بڕیارە هەینی داهاتوو رێككەوتنەكە بە فەرمی لە جنێڤ واژوو بكرێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە ئەگەر ئێران بە جوانی رەفتار نەكات، بۆمبیان بەسەردا دەبارێنن، رێككەوتنەكە لەگەڵ ئێران سەرەتاییە و ئەگەر بە جوانی هەڵسوكەوت نەكات بۆمبارانیان دەكەن.

ترەمپ گوتی، رێككەوتنمان لەگەڵ ئێران باش و بەهێزە و رێگە بەوە نادەین ببێت بە خاوەن چەكی ئەتۆمی، هیچ بڕە پارەیەك بە ئێران نادەین، ئەو هەواڵانەی باسی دامەزراندنی سندووقێكی وەبەرهێنان بە بڕی 300 ملیار دۆلار دەكەن، راست نییە و ئەوەی دەیەوێت وەبەرهێنان بكات با خۆی ئەو كارە بكات.

ترەمپ زیاتر گوتی، هەڵوێستی ئەمەریكا بەوەی نابێت ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی یەكلاكەرەوەیە، ئەو یاداشتەی بەم دواییە واژوو كراوە، سووككردنێكی بەپەلەی سزاكانی سەر ئێران لەخۆ ناگرێت، لە دوای راگەیاندنی رێككەوتنەكە بازاڕی دارایی بەرز بووەوە و نرخی نەوتی دابەزی و تا نزمترین ئاست دێت، ئەو كارەش زۆر باشە، ئێستە گەرووی هورمز بە شێوەیەكی ناتەواو كراوەیە و هەینی داهاتوو بە تەواوی دەكرێتەوە، ترەمپ وریایی لە دەست پێكردنەوەی هێرشە سەربازییەكانی سەر ئێرانی دا ئەگەر پابەندی بەڵێنەكانی نەبێت، چونكە تا ئێستە یاداشتەكە كۆتایی نییە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل