ڤانس: پاكستان رەتی دەكاتەوە تا هەینی دەقی رێككەوتن لەگەڵ ئێران بڵاو بكرێتەوە

:: PM:05:12:17/06/2026 ‌

دوای ئەوەی لە 14ی ئەم مانگە یاداشتی سەرەتایی نێوان ئێران و ئەمەریكا بۆ وەستانی شەڕ بە ئەلیكترۆنی هاتە واژووكردن و بڕیارە هەینی داهاتوو 19ی حوزەیران، شاندی دانوستانی هەردوولا لە جنێڤ لە رێوڕەسمێكدا یاداشتەكە واژوو بكەن، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە واشنتن دەیەوێ لە نزیكترین كات دەقی یاداشتەكە بڵاو بكرێتەوە، رەنگە ئەمڕۆ چوارشەم، بەڵام پاكستان پێی وایە هەینی داهاتوو بڵاو ببێتەوە.

ڤانس لە دیدارێك لەگەڵ تۆڕی "سی بی ئێس نیوز"ی ئەمەریكی گوتی، پاكستانییەكان، كە رۆڵێكی یەكلاكەرەوەیان لە ناوەندگیری لە رێككەوتن لەگەڵ ئێران هەبوو، بە ئێمەیان گوت و دووپاتیان كردەوە كە دەقی رێككەوتنەكە هەینی داهاتوو بڵاو دەكرێتەوە، ئێمەش داوا دەكەین ئەمڕۆ بلاو بكرێتەوە، چونكە دەمانەوێ گەلی ئەمەریكا لە دەقی رێككەوتنەكە ئاگەدار بن.

روونی كردەوە، واشنتن رێككەوتنێكی باشی كردووە و خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەگەیەنێت، لەوكاتەی گوێبیستی زانیاریی هەڵە و بەلادابراو لەبارەی یاداشتەكە دەبین، وا رێككەوتووین گەرووی هورمز بكرێتەوە و ئێستە هاتوچۆی نەوت بە گەرووەكە دەستی پێ كردووە، ئەوەشی لەخۆ گرتووە كە ئێران نابێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل